نهێنیی درەوشانەوەی لیڤاندۆڤسکی لەم وەرزەدا



رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە دوای هاتنی هانسی فلیکەوە، بە ئاستە نایابەکەی هەمووانی سەرسام کردووە.

لیڤاندۆڤسکی، ئەو هێرشبەرە پۆڵەندییەی لە ساڵی 2022 لە بایرن میونشنەوە رووی لە بارسێلۆنا کرد بە 42 ملیۆن یۆرۆ، رەخنەیەکی زۆری لێگیرا لەسەرئەوەی لە ئاست پێشبینییەکانی هاندەرانی یانە کاتەلۆنییەکە نەبوو.
 
ئەم وەرزە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، بە ئاستێکی ناوازەوە دەرکەوتووە و نەک گۆڵکاری لالیگایە، بەڵکو بە ژمارەی گۆڵەکانی بووەتە گۆڵکاری پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا.
 
نهێنی بەرزبوونەوەی ئاستی لیڤاندۆڤسکی لە راهێنەری یانەکەدا خۆی دەبینێتەوە، هانسی فلیک و ئەو شێوازە یاریکردنە سەرنجڕاکێشەی وایکردووە لیڤاندۆڤسکی ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکێشبکات.
 
لە دوو وەرزی رابردوودا، چاڤی هێرناندێز ئەرکێکی جیاوازی بە لیڤاندۆڤسکی بەخشیبوو، ئەویش بەشداریکردن لە یاری دروستکردن و دابەزین بۆ قوڵایی ناوەڕاستی بارسێلۆنا، دوور لە ئەرکە سەرەکییەکەی خۆی، کە بریتی بوو لە سەرەڕم و دۆزینەوەی بۆشاییەکان لە هێڵی بەرگری بەرامبەر و لێدانی راستەوخۆ بەرەو گۆڵ.
 
بەڵام شێوازی یاریکردنی هانسی فلیک بە تەواوی جیاوازە، ئەو راهێنەرە ناسراوە بەوەی کە فەلسەفەکەی زۆر هێرشبەرییانەیە، ئەو ئازادی تەواو دەداتە سەرەڕمەکەی لە سێیەکی یاریگەی بەرامبەردا، جگە لەوە، لەبەر زۆریی ژمارەی ئەو یاریزانانەی کە بەشداری لە هێرشەکاندا دەکەن، ئەرکەکانی لیڤاندۆڤسکی کەمتر دەبێتەوە و وزەی خۆی لەدەست نادات لەسەر ئەرکی لاوەکی، بەڵکو هەموو سەرنجی لەسەر گەیشتن بە گۆڵی بەرامبەر و گۆڵکردن دەبێت.
 
ئەم گۆڕانکارییە لە ئەرکەکانی لیڤاندۆڤسکی لە ژمارەکانی ئەو یاریزانەدا رەنگی داوەتەوە.
 
لیڤاندۆڤسکی لە وەرزی 2023/2024ی لالیگا
 
35 یاری
19 گۆڵ 
8 ئەسیست
 
لیڤاندۆڤسکی لە وەرزی 2024/2025ی لالیگا
 
9 یاری
10 گۆڵ
2 ئەسیست
 
لەم ژمارانەوە دەردەکەوێت کە پێشکەوتنێکی بەرچاو لە ئاستی لیڤاندۆڤسکیدا هەبوو، بە بەراورد بە وەرزی رابردوو و جیاوازییەکی روون هەیە لە ژمارەی گۆڵەکانی لیڤا لەگەڵ هانسی فلیک.
 
هانسی فلیک لە یانەی بایرن میونشنیش توانی ئاستی راستەقینەی لیڤاندۆڤسکی بە جیهان پێشان بدات، ئەو یاریزانە لە ژێر سەرکردایەتی هانسی فلیک توانی ژمارەی مێژوویی زۆرترین گۆڵ لە وەرزێکی بۆندیسلیگادا بشکێنێت، کاتێک توانی لە وەرزێکدا لە یارییەکانی خولی ئەڵمانی 41 گۆڵ تۆماربکات.
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، لە بایرن میونشن لەژێر سەرکردایەتی هانسی فلیک، لە 71 یاریدا توانیی 83 گۆڵی تۆماربکات.
 
لەم وەرزەدا لیڤاندۆڤسکی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا لە ژێر سەرکردایەتی هانسی فلیک، لە 11 یاریدا 12 گۆڵی تۆمارکردووە.