ڤیدیۆ؛ کێشەکان لەنێو ماڵی بارسێلۆنادا دەستیانپێکردووە

رووداو دیجیتاڵ

نیشانەکانی ناکۆکی لەنێوان هانسی فلیکی ئەڵمانی، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا ئیسپانی و ئەستێرەکەی لامین یامال، یاریزانی باڵی تیپەکە، بۆ جاری دووەم بەدی کران.
 
لە گەڕی نۆیەمی خولی ئیسپانیا، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێسی میوانداری سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە.
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی، هاتریکی بۆ یانەی کەتەلۆنی تۆمارکرد و لە کۆی 9 گەڕدا بارسا هەشتەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بەکۆکردنەوەی 24 خاڵ پێشەنگی لالیگای گرتووە.
 
سەرەڕای سەرکەوتنی بارسا، لامین یامال پاڵەوانی دیمەنێک بوو کە نیگەرانی هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکەی لێکەوتەوە و ترسی ئەوەیان لەلا دروستبووە کە ناکۆکیی لامین لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەر بەخێرایی دەستپێبکات.
 
لە خولەکی 67ـی یارییەکە، فلیک گۆڕانکاری بە لامین یامال کرد، ئەمەش ئەستێرەی گەنجی بارسای تووڕەکرد، کە بە روونی پێوەی دیاربوو.
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە، لامین لەسەر کورسییەکانی یەدەگ ناڕەزایی خۆی نیشاندەدات و هیکتۆر فۆرتی هاوڕێی دڵی دەداتەوە و هەوڵ دەدات ئارامی بکاتەوە.
 
لە دوایین یاری بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەی یەنگ بۆیزی سویسری، کە یانە کەتەلۆنییەکە 5-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هانزی فلیک گۆڕانکاری بە لامین یامال کرد و فرێنکی دی یۆنگی یاریزانی هۆڵەندی ناردە شوێنی، کە ئەوکاتیش لامین تووڕەبوو، بەڵام فلیک لەسەر هێڵی یاریگا لەباوەشی گرت و نەیهێشت تووڕەبوونەکەی بەردەوام بێت.
 
دووبارەبوونەوەی ئەم دیمەنانە زەنگی ئاگادارکردنەوەن بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان فلیک و یامال، سەرەڕای درەوشاوەیی ئەم دووانە لەم وەرزەدا.
 
لامین یامال، لەم وەرزەدا لە 11 یارییدا لەگەڵ بارسێلۆنا بەشداری کردووە، 5 گۆڵی تۆمارکردووە و هەمان ژمارەی ئەسیستیشی بۆ هاوڕێکانی کردووە، بەڵام لە دوایین دوو یارییدا بەرامبەر یەنگ بۆیز و ئالاڤێس گۆڵی تۆمارنەکردووە و هیچ ئەسیستیشی نەبووە.
 
لە سۆشیال میدیادا، زۆر لە هەوادارانی بارسێلۆنا رەخنەیان لە لامین یامال گرتووە و بەوە تۆماتباریان کردووە کە هەرزوو ئەو یاریزانە لەخۆباییبووە و تەنانەت هەندێکیان لە کۆمێنت نووسیویانە "لامین هەر لە ئێستاوە خۆی لێبووە بە مێسی".