گورزێکی دیکە بەر ریال مەدرید کەوت

رووداو دیجیتاڵ

پێش دەستپێکردنی هەفتەی فیفا، گورزێکی دیکە بەر ریال مەدرید کەوت و ئەستێرەیەکی دیکەی تووشی پێکان بوو.
 
یانەی ریال مەدرید پێکانی دوو یاریزانەکەی، دانی کارڤاخال و ڤینیسیۆس جونیۆری راگەیاند، کە بەرامبەر ڤیاریال لە لالیگادا تووشی بوون. هەروەها هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا و بەرازیلیش ئامادەنەبوونی ئەو دوو یاریزانەیان لە هەفتەی فیفا دووپاتکردەوە.
 
ئەم هەواڵە ناخۆشە، هەواڵی دیکەی ناخۆشی بۆ ریال مەدرید بەدواداهات و بەرگریکارێکی دیکەشی لەدەستدا.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی سکای سپۆرت، رایگەیاندووە، ئیدێر میلیتاوی یاریزانی بەرازیلی، تووشی پێکان بووە و لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەشداری لە پشووی نێودەوڵەتیی ئێستا ناکات.
 
رۆمانۆ لەهەژماری خۆیدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” نووسیویەتی "دوای ڤینیسیۆس جونیۆر، میلیتاو لە یارییەکانی داهاتوودا بۆ بەرازیل ئامادە نابێت، بەهۆی پێکانەوە".
 
رۆمانۆ زیاتر دەڵێت "فابریزیۆ برۆنۆ بانگهێشتکراوە بۆ ئەوەی جێگەی میلیتاو بگرێتەوە".
 
یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە ڤینیسیۆس بەشداری یارییەکانی چیلی و پێرو ناکات، بەهۆی پێکانەوە.
 
راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل ناچاربوو لۆکاس پێرالدۆی یاریزانی پاریس سانجێرمان، وڤێرتنی یاریزانی پاڵمێراس و ئەلێکس تێلێسی یاریزانی بۆتافۆگۆ لەبری بریمێری یاریزانی یوڤێنتوس، ئەلیسۆن گۆڵپارێزی لیڤەرپوول و گیلێرمی ئارانای یاریزانی یانەی ئاتلێتیکۆ مینێرۆ بانگهێشت بکات.