راگەیێنراوی فەرمیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل لەبارەی ڤینیسیۆس جۆنیۆرەوە


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، هەڵوێستی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید لەبارەی دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی بەرازیل لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو ئاشکراکرد.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە رۆژانی داهاتوودا دوو یاریی بەرامبەر هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی چیلی و پیرۆ لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی 2026ی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئەنجامدەدات.
 
پێشتر ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندبوو کە ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی یانەکە، تووشی پێکان بووە لە ملیدا لە یاریی یانەکە بەرامبەر ڤیاریال لە لالیگا.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ئاشکرایکردووە ڤینیسیۆس بەشداری دوو یارییەکەی چیلی و پیرۆ ناکات و بەوەش ئەو ئەستێرەیە، چوارەم یاریزانی دابڕاوە لە پێکهاتەی سەرەکیی سامبا.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل دەڵێ، لە جێگەی ڤینیسیۆس، ئاندریاس پێرێدای یاریزانی ناوەڕاستی فولهام بانگهێشتکراوە.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی داهاتوو دۆخی باش نییە، پاش هەشت یاریی پلەی شەشەمی ریزبەندی پاڵاوتنەکانی گرتووە.
 
پێشتر دۆریڤال جۆنیۆر، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل ناچاربوو هەریەکە لە لوکاس بێرالدۆ، ویڤێرتۆن و ئالێکس تێلیسی بۆ قەرەبووی هەریەکە لە بریمێر، ئالیسۆن بیکێر و جویلیریمی ئارانا بانگهێشت بکات کە بەهۆی پێکانەوە لە ریزی هەڵبژاردەکە دابڕاون.