ئێمباپێ راهێنەری فەرەنسا شۆک دەکات

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دیدێ دیشام کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید، دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تووشی شۆک دەکات، دوای ئەوەی بەشداری لە یارییەکەی بەرامبەر ڤیاریالی کرد.
 
بەر لە بەڕێوەچوونی، یاریی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و ڤیاریال لە رکابەرییەکانی لالیگا، دیدێ دیشام، راهێنەری فەرەنسا رایگەیاند، بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ بانگهێشت نەکراوە، بۆ ئەوەی یاریزانەکە بەتەواوی لەو پێکانە چاکببێتەوە، کە لە یاریی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس تووشی بوو.
 
راهێنەری فەرەنسا پێیوابوو، ئەو یاریزانە دەبێت پشوو بدات، بۆ ئەوەی باشتر بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان، بەڵام لە یاریی بەرامبەر ڤیاریال بەشێوەی سەرەکی بەشداریی لە یارییەکەدا کرد و 71 خولەک یارییکرد.
 
رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی، دەڵێت "دەستەی پزیشکی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لەوە تێنەگەیشتوون کە بۆچی ئێمباپێ بەشداریی لەو یارییەدا کردووە و بڕیاری بەشداریکردنیشی بۆ دیدێ دیشام زۆر چاوەڕواننەکراو بووە، بەمەش پابەندبوونی ئێمباپێ لەلای ئەوان بووەتە پرسیار".
 
سەرچاوەکە دەڵێت "فەرەنسییەکان لە هەڵسوکەوتی ئێستای ئێمباپێ ناڕازین، لەکاتێکدا لە فەرەنسا دوورخراوەتەوە و یاری بۆ ریال مەدرید دەکات".
 
فەرەنسا رۆژی 10ـی ئەم مانگە لە رکابەرییەکانی نەیشنسلیگدا دەبێتە میوانی ئیسرائیل، دوای چوار رۆژ لەو یارییە رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەلجیکا دەبێتەوە، لە هەردوو یارییەکەدا کیلیان ئێمباپێ یاری ناکات و بانگهێشت نەکراوە.
 
پێشتر لەلایەن میدیاکانی کەتەلۆنیاوە رەخنەیەکی زۆر لە دیشام گیرا، بەو پێیەی پشووی بە ئیمباپێ داوەم بەڵام پشووی بە ژول کۆندێی بەرگریکاری بارسێلۆنا نەداوە، لە کاتێکدا ئەمەی دوایی بەشداری لە هەموو یارییەکانی ئەم وەرزەی بارسێلۆنادا کردووە و زۆر ماندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە