سێ سزا چاوەڕێی پۆگبا دەکەن

07-10-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پۆل پۆگبا یانەی یوڤێنتوس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەئەگەری زۆرەوە پۆل پۆگبا، یاریزانی فەرەنسیی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بۆ ماوەی 4 ساڵ سڕ دەکرێت، دوای ئەوەی پشکنینەکان بۆ جاری دووەم دەریانخست کە هۆرمۆنی تستۆستیرۆنی قەدەخەکراوی بەکارهێناوە.
 
یاریزانی فەرەنسی، تەمەن 30 ساڵ، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا جامی جیهانی 2018ـی بەدەستهێناوە، رووبەڕووی سزایەکی قورس دەبێتەوە و بەئەگەری زۆرەوە ماوەی 4 ساڵ سڕ دەکرێت.
 
وەک رۆژنامەکانی ئیتاڵیا باسی دەکەن، ئەگەر دەرکەوت کە پۆگبا بەئەنقەست ئەو هۆرمۆنەی نەخواردووە، دەکرێت سزایەکەی بۆ نیوە، واتا دوو ساڵ کەم بکرێتەوە.
 
تەنانەت ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە ئەگەر یاریزانەکە لە ماوەی پشوودا، واتا ئەوکاتەی خول و پاڵەوانێتییەکان وەستاون، هۆرمۆنەکەی بەکارهێنابێت، دەکرێت سزایەکەی بۆ تەنیا چەند مانگێک کەم بکرێتەوە.
 
پۆگبا سەرەڕای ئەوەی ماویەکی زۆر بەهۆی پێکانەوە لە یاریکردن دوورکەوتووەتەوە، بەڵام دوای گەڕانەوەی و لە دوای یاریی یوڤێنتوس و ئۆدینێزی لە 20ـی مانگی رابردوو، پشکنینی دەرمانە وزەبەخشە قەدەخەکراوەکانی بۆ کراو دەرکەوت ئەو دەرمانە قەدەخەکراوەی بەکارهێناوە.
 
نزیکەکانی پۆگبا دەڵێن، ئەو خواردنەی پزیشکان بۆ پۆگبایان داناوە ئەو ماددەیەی تێدایە و یاریزانەکە بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەوە نییە کە ئەو ماددە قەدەخەکراوە لەنێو ئەو خواردنەدا هەیە کە پزیشکان بۆیان داناوە.
 
هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە یانەی یوڤێنتوس دەیەوێ گرێبەستی پۆل پۆگبا هەڵبوەشێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە