ریال مەدرید بەیەک بەرگریکارەوە بەرامبەر ئۆسەسۆنا یارییدەکات


رووداو دیجیتاڵ

لە نێو تەنگژەیەکی قووڵی هێڵی بەرگری و بەردەستنەبوونی زیاتر لە 75 لەسەدی کۆی بەرگریکەرانی تیپەکەدا، ریال مەدرید گەڕێکی دیکە لالیگا بەئومێدی بردنەوە لە بەرامبەر ئۆسەسۆنادا ئەنجامدەدات و کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری، پێویستە لەسەری بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ، گەر تەنگەتاوانەش بێت، ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.
 
تەنگژە و کێشە گەورەکەی بەردەستی ئەنچیلۆتی راهێنەر، لە یاریی رابردووی یانەکەدا بەرامبەر خیرۆنا قووڵ بووەوە کاتێک ناچۆی کاپتنی یانەکە، بەبێ هیچ بیانوویەک تووندوتیژییەکی گەورەی بەرامبەر یەکێک لە یاریزانانی ئەو یانەیە ئەنجامدا و پاش دەرکردنی بەکارتی سوور، بۆ سێ یاریی راگیرا.
 
راگرتنەکەی ناچۆ، کێشەکانی بەرگریی ریال مەدریدیان زیاتر کرد کە خۆی بەدەست کەمیی یاریزانەکانییەوە دەناڵێنێت هەر لە بنەمادا، بەتایبەتیش کە لەسەرەتای وەرزدا ئیدێر میلیتاوی بەرازیلی بەستەرەکانی ئەژنۆی پچڕان و دواتر داڤید ئالاباش تووشی پێکانێکی چەند هەفتەیی بوو.
 
لە نێو ئەو کەشە گوماناویەدا، تیپەکەی کارلۆ بەدوای دڵنیاییەکی زیاتردا دەگەڕێت، بەتایبەت کە ئاوەزێکی باشی هەیە پاشئەوەی لە ناوەڕاستی هەفتەدا، سەرکەوتنێکی دراماتیکی و گرنگی بەسەر ناپۆلی لە چامپیۆنزلیگدا بەدەستهێنا.
 
ئەگەرچی لە پێکهاتەی بانگهێشتکراوی یارییەکەدا، ناوی کاریلۆی بەرگریکەری لاوی تیپی دووەمی ریال مەدرید بوونی هەیە، بەڵام پێناچێ ئەو بەرگریکەرە هیچ بەختێکی یارییکردنی هەبێت، چونکە راهێنەری یانەکە، زۆر کەم و زۆر درەنگ، متمانە بە یاریزانە لاوەکانی دەدات و ئەوەش رەخنەیەکە بەردەوام لێی دەگیرێت. جیا لەوەش زۆرینەی پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە لە یارییەکەی ئەمشەودا، یاریزانێکی ناوەڕاستی ئێستای تیپەکە، ببێتە بەرگریکەر بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتیی بەرگریکەرانی تیپەکە.
 
ریال مەدرید کە ئەمساڵ خۆی لە رکابەرییەکەی سەخت و قورسی پێشەنگی خولەکە و بەدەستهێنانی نازناوەکەدا دەبینێتەوە لەگەڵ بارسێلۆنا و خیرۆنادا، زۆر پێویستی بەوە هەیە خاڵەکانی ئەم گەڕەی خولەکە بەتەواوی بەدەست بهێنێت، بەرلەوەی یاریزانەکانی روو لە فیفا دەی بکەن و پاش گەڕانەوەش، بکەونە نێو خشتەی ژمارەیەک یاریی قورسەوە.
 
ئۆسەسۆنا لای خۆیەوە، گەرچی دوانزە ساڵی رێکە هیچ سەرکەوتنێکی بەسەر ریال مەدریدا بەدەستنەهێناوە و دوا بردنەوەی لە ریال بۆ ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، بەڵام بوونی لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکە و بەدەستهێنانی سێ بردنەوە لە هەشت یاریدا، هاندەری دەبن بۆ ئەوەی هەلی کێشە نێوخۆییەکانی ریال مەدرید لە هێڵی بەرگری و نەبوونی هێرشبەری سەرەڕمدا بقۆزێتەوە و شۆکێک لە ریال مەدرید بدات، وەکئەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید چەند هەفتەیەک لەمەوپێش کردی.