رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی تەمبێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، چوار یاریزانی پاریس سانجێرمانی سزادا، کە لە نێوانیادا عوسمان دێمبلی و ئەشرەف حەکیمی هەن.
سزاکە پاش لێکۆڵینەوەی لیژنەی تەمبێکاری هات لە رووداوەکانی پاش یاریی نێوان پاریس سانجێرمان و مارسیلیا لە خولی فەرەنسی کە تێیدا سانجێرمان بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
ئەو یاریزانانەی سزادراون بریتین لە عوسمان دێمبلی، ئەشرەف حەکیمی، رانداڵ کۆڵۆموانێ و لایڤین کۆرزاوا.
لیژنەکە دەڵێ، پێداچوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی پاش یارییەکە، دەریخستووە ئەو چوار یاریزانە لە دوای یارییەکە چوونەتە بەردەم هاندەرانی سانجێرمان و لەگەڵیاندا، دروشمی سووکایەتی و قسەی نەشیاویان لە شێوەی گۆرانیدا، بە هاندەران و یانەی مارسیلیا گوتووە.
وەک لیژنەکە ئاشکرایکردووە، ئەو چوار یاریزانە هەریەکەیان بەراگرتن بۆ یارییەکە سزا دەدرێت و بڕیارەکە لە سێشەممەی داهاتووەوە جێبەجێدەکرێت.
لیژنەکە هەروەها بڕیاری داخستنی بەشی باشووری پەیژەکانی یاریگەی باخچەی شازادەکانی تایبەت بە پاریس سانجێرمانی بۆ دوو یاریی دەرکردووە، ئەمەش بەهۆی هەمان رووداوەوە.
سانجێرمان لای خۆیەوە ناڕەزایەتی لەسەر بڕیارەکە پێشانداوە و دەڵێ، "جێگەی نیگەرانییە کە لیژنەکە سزای بەکۆمەڵەی زیادپێوەنراوی بەسەر یاریزانەکانماندا سەپاندووە، ئەمە کاریگەریی لەسەر گفتوگۆکانمان دەبێت کە ئەنجامیدەدەین لەگەڵ کۆمەڵە و دامەزراوە جیاوازەکان و هاندەران".
پاریس سانجێرمان داوای پێداچوونەوەی بڕیارەکەی لیژنەی تەمبێکاری نەداوە، ناچارە لە یارییەکانی داهاتوویدا لە خولی فەرەنسا، بەبڕیاری لیژنەکەوە پابەندبێت.
لە دوای یارییەکەی سانجێرمان و مارسیلیا، ژمارەیەک لە یاریزانانی سانجێرمان لە ئاهەنگگێڕانی نێو پەیژەکانی هاندەرانیان کۆبوونەوە و بەشدارییان لەو دروشمانەدا کرد، کە سووکایەتی بە هاندەرانی مارسیلیا و یانەکەیان دەکات.
لە یارییەکەدا، هەریەکە لە ئەشرەف حەکیمی و کۆلۆ موانێ بەشدارییان لە چوار گۆڵی تۆمارکراوی یانەکەیاندا کرد و دوو گۆڵەکەی دیکەش، گۆنزالۆ رامۆسی هێرشبەری یانەکە تۆماریکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ