رۆناڵدۆ مۆرینیۆش دەباتە سعودیە

 
رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی و یانەی رۆمای ئیتاڵی دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر ئەنجامدانی گرێبەستێکی سپۆنسەری لەنێوان یانەکەی و وەرزی ریاز واژۆکرا.
 
مۆرینیۆ لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی "ماوەیەکی زۆرە چاوەرێی ئەم ساتە دەکەم، زۆر گرنگە کە پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتێک هەبێت کە لە گۆڕاندایە و ئەوە پێشانی جیهان بدەین و دەرگا بەڕووی هەموواندا بکەینەوە کە لە وڵاتی جیاواز و کولتووری جیاوازەوە هاتوون، ئەم گرێبەستە کارێکی زۆر گەورەیە بۆ رۆما."
 
جۆزێ دڵخۆشیی خۆی بە دونیابینی تورکی ئالشێخ، سەرۆکی دەستەی خۆشگوزەرانی لە سعودیە پێشاندا و گوتی "جارێکی دیکە هاوشێوەی ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ماڵەکەیدا کردی، وەک برایەک مامەڵەی کرد نەک تەنیا وەک هاوڕێیەک."
 
راهێنەری یانەی رۆما دەڵێت "دوو جار سەردانی سعودیەم کردووە، جاری یەکەم راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان بووم، ئێمە لەوێ لە ریازی پایتەخت یارییمان کردووە، بەڵام کاتی گونجاوم نەبوو بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەتەواوی ببینم."
 
سپێشەڵ وەن لەبارەی جاری دووەمەوە گوتی "جاری دووەم نایاب بوو، چوومە جەددە و چێژم لە پشووەکەم وەرگرت، لەو ماوەیەدا کولتووری جیاوازم بینی، ئەوە ئەو کاتەبوو کە پەیوەندیم لەگەڵ ئەکادیمیای مەهد دروستکرد و بەیەکەوە کارمانکرد."
 
لەبارەی بڕیاری چوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ خولی سعودیە، مۆرینیۆ قسەیکرد و گوتی "لەبەرئەوە ناڵێم کە ئەو پۆرتوگالییە، بەڵام ئەمە راستییە، لەم هاوینەدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بینیمان کە چۆن شتەکان دەگۆڕێن، ژمارەیەکی زۆری یاریزانان پەیوەندیان بە خولی سعودییەوە کرد، نەک تەنیا ئەو یاریزانانەی لە کۆتایی تەمەنی یارییکردنیاندان، بەڵکو ئەو یاریزانانەشی لە باشترین کاتەکانیاندان."
 
پرسیاری ئەگەری کارکردنی وەک راهێنەر لە خولی سعودی لە مۆرینیۆ کرا، ئەو لە وەڵامدا گوتی "بەدڵنیاییەوە لە سعودیە دەمبینن، لە نزیکترین کاتدا هەرکاتێک بەردەستبوو، من دڵنیام لەوێ کاردەکەم، بەڵام بەتەواوی نازانم کەی، بەڵام دڵنیام ئەو بڕیارە دەدەم."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا جۆزێ مۆرینیۆ دەڵێت "من ئێستا پابەندم بە گرێبەستەکەم لەگەڵ رۆما، تاوەکو دوایین رۆژ هەموو توانایەکم دەخەمەگەڕ بۆ تیپەکە، بەڵام کەس نازانێت لە داهاتوودا چی روودەدات."