پێشكۆتایی نەیشنسلیگ.. بەلجیکا بەدوای تۆڵەکردنەوە لە فەرەنسا دەگەڕێت

07-10-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەڵبژاردەی بەلجیکا بە ئامانجی تۆڵەکردنەوە لە هەڵبژاردەی فەرەنسا پێ دەنێتە خاکی تۆرینۆوە و لە یارییەکی ئاگریندا رووبەڕووی کەڵەشێرەکان دەوەستێتەوە.
 
بەلجیکییەکان کە پێشەنگی ریزبەندیی جیهانن بەڵام بەبێ هیچ نازناوێک، دەیانەوێ ئەو دەستەواژەیە وەربگێڕن و بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا ببنە پاڵەوانی پاڵەوانێتییەکی کیشوەری، بۆ ئەمەش دەبێت سەرەتا بەربەستی فەرەنسا ببڕن، ئینجا خۆیان بدەن لە بەنداوی ئیسپانیا.
 
رێد دیڤڵز نیازی تۆڵەکردنەوەیان لە فەرەنسییەکان هەیە، ئاخر ئەوان لە مۆندیالی رابردوو بەرابەر بە فەرەنسا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەلام لە پێشکۆتایی ماڵئاواییانکرد، لە کاتێکدا بەهێزترین تیپی مێژووی خۆیان هەبوو لەو کاتەدا، لە یۆرۆی ئەمساڵیشدا کە هەلێکی باش بوو بۆ بەلجیکا تا بە ئاواتەکەی بکات، بەڵام لەوێ ئیتاڵییەکان ماڵئاواییان پێکردن.
 
هەرچی دەربارەی هەڵبژاردەی فەرەنساشە، ئەو تیپەی کە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی دەیەی رابردوودا بەربژێری سەرەکی بوون بۆ نازناوەکە، ئەمجارە بەهەمان شێوە لەگەڵ دیشامپدا هەلی بردنەوەی نەیشنسلیگیان هەیە، لە کاتێدا کە تیپەکە بە کۆمەڵێک کێشەی نێوخۆییدا تێدەپەڕێت، کێشەکانی ئێمباپێ لەدوای یۆرۆوە تا خواستن رۆیشتن لە یانەکەی، هەروەها ئەو نائارامییەی لەنێوخۆی تیپەکەدا رەنگیداوەتەوە لەدوای یۆرۆوە کە بە سویسرا دۆڕان و رەخنەی تووندیان لێگیرا.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا نگۆلۆ کانتێ بەشداری ناکات چونکە کۆرۆنایەتی، بەڵام کێشەی فەرەنسییەکان لە نائامادەیی ئەستێرەکان نییە، بەڵکو لە دابەزینی ئاستی ئەستێرەکانیدایە، دیشامپ لە نێوەڕاست پشت بە پۆگبا، رابیۆ و تچوامێنی دەبەستێت، لە پێشەوەش بنزیما، گریزمان و ئێمباپێ.
 
بۆ بەلجیکا ئەمجارە جیاوازە، کۆمەڵێک یاریزانی دیار کە لە پاڵەوانێتییەکانی رابردوو هەبوون، ئەمجارە بەهۆکاری جیاوازە نابیندرێن، تۆرگان هازارد، درایس مێرتینس، کریستیان بێنتیکی و دیڤۆک ئۆریگی لە یارییەکەی ئەمشەودا ئامادەنین.
 
فەرەنسا لەدوای یۆرۆوە باش نییە، ئاخر ئەو تیپە تەنیا یەک یاری لە دوایین پێنچ یاریدا بردووەتەوە، دوایی بردنەوەی بەرامبەر فینلەندا بووە، پێش ئەویش نەیتوانیبوو لە ئۆکراینا، بۆسنیا، سویسرا و پۆرتوگال بباتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە