ڤیدیۆ؛ ئیسپانیا گەیشتە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ و مێژووی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئیسپانیا خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ، دوای ئەوەی لە یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێشدا سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیای پاڵەوانی ئەوروپا بەدەستهێنا.
 
یارییەکە لەسەر یاریگەی سانسیرۆ لە شاری میلانۆ بەڕێوەچوو، هەر لەسەرەتای یارییەکەوە هەردوو هەڵبژاردە بە هێرشکردن دەستیانپێکرد، بەڵام ئیسپانیا سەرکەوتووتر بوو، لە خولەکی 17 فێران تۆرێس دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و تۆڕی جیانلویجی دۆناروومای هەژاند.
 
لە خولەکی 42 بەهۆی تووند یارییکردنەوە، لیۆناردۆ بۆنوچی، کاپتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە کارتی سوور لە یارییەکە کرایە دەرەوە، ئەمەش رێگەی لە بەردەم ئیسپانیا کردەوە و هەڵبژاردەکە لەسەر گوشارخستنە سەر گۆڵی ئیتاڵیا بەردەوامبوو، لە دوایین خولەکی نیوەی یەکەمدا جارێکی دیکە ئۆیارزابال ئاسیستی کرد و فێران تۆرێس گۆڵی دووەمی خۆی و هەڵبژاردەی ئیسپانیای تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا رۆبێرتۆ مانچینی لە پێناو گەڕانەوە بۆ نێو رکابەرییەکە و راستکردنەوەی ئەنجامەکە چەند گۆڕانکارییەکی کرد، لە خولەکی 83 لۆرێنزۆ پێلێگرینی گۆڵێکی بۆ پاڵەوانی ئەوروپا تۆمارکرد، بەڵام کاریگەرییەکی وای لەسەر ئەنجامەکە دروستنەکرد و ئیسپانیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، ئیتاڵیای پاڵەوانی ئەوروپاش دوای 37 یاریی بەبێ دۆڕان تووشی یەکەم شکستبوو.
 
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە ئیسپانیا بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و بەلجیکا یارییدەکات، کە ئەمەش دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ دەکەن.
 
ئامارەکانی یارییەکەی ئیتاڵیا و ئیسپانیا
 
- ئیتاڵیا دوای 37 یاریی بەبێ دۆڕان 28 بردنەوە و 9 یەکسانبوون، تووشی یەکەم شکستبوو، درێژترین ریکۆردە لە مێژووی تۆپی پێدا هەڵبژاردەیەک تۆماریکردبێت، دوایین دۆڕانیان لە ساڵی 2018 بوو بەرامبەر فەرەنسا.
 
- ئیتاڵیا دوای 22 ساڵ یەکەمجارە لە نێو یاریگەی خۆیدا دەدۆڕێت.
 
- ئیسپانیا یەکەمجارە لەنێو یاریگەی ئیتاڵیادا بردنەوە تۆماربکات.
 
- ئیتاڵیا دووجار لەژێر سەرپەرشتی رۆبێرتۆ مانچینی خراپترین رێژەی کۆنتڕۆڵی تۆپی تۆمارکردووە، لە یاریی پێشکۆتایی یۆرۆی 2020 بەرامبەر ئیسپانیا 29.8٪ و لە یاریی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ 25.2٪ هەر بەرامبەر ئیسپانیا.
 
- فێران تۆرێس لە دوایین 7 لێدانیدا بۆ گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا 6 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
- ئیتاڵیا دووەمجارە لەژێر سەرپەرشتی مانچینی لە یارییەکدا زیاتر لە گۆڵێکی لێدەکرێت، پێشتر بەرامبەر فەرەنسا لە 2018، 3-1 دۆڕابوو.
 
- لیۆناردۆ بۆنوچی، دووەمجارە لە مێژووی یارییکردنیدا کارتی سوور وەردەگرێت، پێشتر لە 2014 بەرامبەر ماڵتا بۆ یەکەمجار وەریگرتبوو.
 
- یەکەمجارە دوای 37 یاری، جیانلویجی دۆنارووما لە یارییەکی ئیتاڵیادا زیاتر لە گۆڵێکی لێدەکرێت.
 
- لیۆناردۆ بۆنوچی 112 یاریی بۆ ئیتاڵیا ئەنجامداوە، ژمارەی دینۆ زۆڤی یەکسانکردەوە و حەوتەم یاریزانە زۆرترین یاریی بۆ هەڵبژاردەکە کردبێت.
 
- پابلۆ گاڤی، تەمەنی 17 ساڵ و 62 رۆژ بوو، بووە بچووکترین یاریزان یارییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئیسپانیا بکات، بەمەش ریکۆردی ئانخێل زوبییتای شکاند کە لە 1936 لە تەمەنی 17 ساڵی و 284 رۆژیدا یاریی بۆ هەڵبژاردەکە کردبوو.