هەفتەی فیفا.. رۆناڵدۆ بە یادەوەری هاتریکەکەی مۆندیال رووبەڕووی لارۆخا دەبێتەوە

رووداو دیجیتال

هەفتەی فیفا دەستیپێکرد، ئەمشەو چەند یارییەکی دۆستانە لەنێوان هەڵبژاردەی وڵاتان ئەنجام دەدرێن، کە دەکرێت بڵێین یاری پۆرتوگال و ئیسپانیا بەهێزترینیانە.

هەڵبژاردەی هۆڵەندا لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە نوێیەکەی، فرانک دی بۆر لەسەر یاریگەی یۆهان کرۆیف ئارێنا میوانداری هەڵبژاردەی مەکسیک دەکات.

یارییەکە بۆ هۆڵەندییەکان ئامادەکارییە بۆ دوو یاری داهاتوویان لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بەرامبەر هەڵبژاردەکانی بۆسنە و ئیتالیا، کە هەردووکیان لە دەرەوەی خاکی خۆیان دەبن.

یارییەکە ئالنگارییە بۆ دی بۆر، چونکە رۆناڵد کۆمان تیپێکی بەهێزی بۆ جێهێشتووە و پێویستە بەلای کەمەوە تیپەکە لە ئاستی خۆیدا بهێڵێتەوە، چونکە هاندەرانی هۆڵەندا زۆر هیوایان بەو تیپە هەبوو کە کۆمان دروستیکردبوو، بەر لەوەی لەپێناو چوونە بارسێلۆنا جێیانبهێڵێت.

مەکسیکییەکانیش بەسەرپەرشتی تاتای راهێنەری ئەرجەنتینی دەیانەوێت دووبارە لە هۆڵەندا ببەنەوە، کە دوایین یاری نێوانیان بەر لە 6 ساڵ بووە و مەکسیک 3 - 2 براوە بووە، هەروەها شەبقەلەسەرەکانی ئەمریکای باکوور دەیانەوێت درێژە بە سەرکەوتنەکانیان بدەن کە پێشتر بە 3 گۆڵ لە گواتیمالایان بردووەتەوە.

یارییەکی دیکە لەسەر خاکی ئەڵمانەکان دەبێت، کە میوانداری هەڵبژاردەی تورکیا دەکەن و هەردوولا خۆیان بۆ خولی نەتەوەکانی ئەوروپا ئامادەدەکەن.

یارییەکە سەرەڕای ئەوەی دۆستانەیە، بەڵام پێشبینی دەکرێت تووند و تیژبێت و رەهەندی سیاسی کاریگەری بەسەردا هەبێت، کە ئەو دوو وڵاتە لە رووی سیاسییەوە دەمێکە ناکۆکن.

لە دوایین 3 رووبەڕووبوونەوەی نێوانیاندا ئەڵمانەکان باڵادەستبوونە و هەرسێ جار براوەبوونە، بۆیە تورکەکان هەوڵ بۆ کردنەوەی ئەو گرێکوێرەیە دەدەن.

یارییە بەهێزەکە لەنێوان پۆرتوگال و ئیسپانیا دەبێت، کە دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە یەکسانبوونە سەرنجڕاکێشەکەیان لە مۆندیالی رووسیا، جارێکی دیکە ئەو دوو هەڵبژاردەیە لە لێشبۆنا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە لەو یارییەدا هاتریکی تۆمارکرد، ئەمجارە رووبەڕووی تیپێکی نوێی لارۆخا دەبێتەوە، کە زۆر لە یاریزانەکانی گۆڕاون و لەوانەیە ئەرکی رۆناڵدۆ قورستربێت، ئەگەرچی هەمیشە ئەستێرەی مادێرا حەزی لە سەرکێشی و ئالنگاری نوێیە.

نابێ ئەوەش لەبیربکەین کە رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی لەوەتەی بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2016 لە 35 یارییدا تەنیا چواریان دۆڕاندووە، کەواتە ئەرکی ئیسپانییەکانیش ئاسان نییە.

یارییە گرنگەکانی ئەمشەو:

هۆڵەندا - مەکسیک 21:45
پۆلەندا - فینلەندا 21:45

ئەڵمانیا - تورکیا 21:45
ئیتالیا - مۆلدۆڤا 21:45

سویسرا - کرواتیا 21:45
سلۆڤینیا - سان مارینۆ 21:45

پۆرتوگال - ئیسپانیا 21:45
فەرەنسا - ئۆکراینا 22:10