ڤار یارمەتی ریال مەدرید دەدات؟ مۆدریچ وەڵام دەداتەوە

07-10-2020
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو دیجیتال

لوکا مۆدریچ، یاریزانی کرواتیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانی نوێدا، پەسنی خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پێشووی دەدات و رەتیشی دەکاتەوە ڤار یارمەتی ریال مەدرید بدات.

لەو هەڤپەیڤینەدا، مۆدریچ ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دەدرێنە پاڵ ریال مەدرید، گوایە بڕیارەکانی ناوبژیوانان و ڤار هەمیشە لە بەرژەوەندی یانەی شاهانەدان و گوتی "درۆیەکی گەورەیە کە دەگوترێت ڤار یارمەتی ریال مەدرید دەدات".

لوکا هەروەها لەو بارەیەوە، زیاتر گوتی "زۆر کەس گلەیی لە ڤار دەکەن و دەڵێن یارمەتی ریال مەدرید دەدات، بەڵام ئێوە پێمبڵێن کام بڕیاری ڤار کە لە بەرژەوەندی ریال مەدریددا بووبێت هەڵە بووە؟ هەموو ئەو بڕیارانەی ڤار لە بەرژەوەندی ریال مەدریددا داویەتی بڕیاری دروست بوونە".

ئەو یاریزانەی ریال مەدرید، زیاتر لەبارەی ڤارەوە قسەی کرد و گوتی "ڤار تۆپی پێی دادپەروەرتر کردووە، هەرچەندە هەندێک شت هەن دەکرێت باشتر بکرێن، باشە بۆچی کاتێک ڤار بڕیار لە دژی ریال مەدرید دەدات کەس دەنگ ناکات؟ زۆرجار بڕیاری نادروست لە دژی ئێمە دراوە، کەچی کەس قسەی نەکردووە، لەوە تێناگەین".

ئەستێرەی کرواتی لەو هەڤپەیڤینەیدا باسی 4 راهێنەری کرد کە لە ریال مەدید مەشقیان پێداوە و زۆر پەسنی خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی دا و گوتی "مۆرینیۆ پیاوێکی تووندە، بەڵام خۆشمدەوێت، چونکە راستگۆ و کراوەیە".

لوکا مۆدریچ، هەروەها لەبارەی مۆرینیۆوە گوتی "مۆرینیۆ رۆڵێکی سەرەکی بینی لە گواستنەوەی من بۆ ریال مەدرید، بەڵام بەداخەوە کە تەنیا ساڵێک لەژێر سەرپەرشتی ئەودا یاریمکرد، چونکە ئەو راهێنەرێکی زۆر باشە".

مۆدریچ هەروەها گوتی "هەمیشە خۆم بە قەرزاری مۆرینیۆ دەزانم، من پیاوانی راستگۆم خۆشدەوێن".

مۆدریچ باسی کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری ئیتالیش کرد و گوتی "ئەویش راهێنەر و پیاوێکی باشە، دوو وەرزی زۆر سەرکەوتووم لەگەڵیدا هەبوو، هێشتا پەیوەندی نێوان من و ئەو ماوە و زۆرجار قسە دەکەین".

سەبارەت بە رافا بێنیتێزی راهێنەری ئیسپانیش، لوکا گوتی "بێنیتێز راهێنەرێکی زۆر باشە، بەڵام لەگەڵ ریال مەدرید سەرکەوتوو نەبوو، مەرج نییە راهێنەر لەگەڵ هەموو تیپەکاندا سەرکەوتووبێت".

مۆدریچ هەروەها گوتی "هیچ کێشەیەکم لەگەڵ بێنیتێزدا نەبوو، جارێکیان لە مەشقەکاندا وادەرکەوت کە کێشەیەک لەنێوانماندا هەیە، بەڵام وانەبوو".

مۆدریچ باسی زینەدین زیدانی راهێنەریشی کرد و گوتی "زیدان راهێنەرێکی گەورەیە، ئەوەی ئەو کردی دووبارە نابێتەوە، بەڵام بەداخەوە کە هێشتا هەندێک کەس وەک راهێنەر رێزی ناگرن و گومان لە تواناکانی دەکەن، کەچی ئەو یەکێکە لە باشترین راهێنەرانی جیهان".

ئەستێرە کرواتییەکەی یانەی ریال مەدرید، گوتیشی "حەزدەکەم هەمووان ئەو راستییە بزانن کە زینەدین زیدان لە مەدرید هێڵی سوورە، ئەو دەتوانێت ساڵانێکی زۆر لەگەڵ ریال مەدرید بمێنێتەوە، وەک ئەوەی فێرگسۆن و ڤینگەر لە ئینگلتەرا کردیان".

لە بەشێکی ئەن هەڤپەیڤینەدا، مۆدریچ باسی ئیدین هازاردی هاوڕێیشی کرد و دووپاتیکردەوە کە هازارد شایەنی ئەو هەموو رەخنانە نییە کە ئاراستەی دەکرێن و گوتی "راستە ئیستا دۆخەکە لە بەرژەوەندی هازارددا نییە، بەڵام ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان، ئاستی سەرسوڕهێنەر و باوەڕپێکراو نییە، دڵنیام ئەو لەم وەرزەدا ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە، ئەگەر پێکانەکان وازی لێبێنن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە