بلاتەر 3 مانگ دووردەخرێتەوە
رووداو - هەولێر
لیژنەی رەوشت لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان "فیفا" بڕیاریدا بە راگرتنی جۆزیف سیپ بلاتەری سەرۆكی فیدراسیۆنەكە بۆ ماوەی 90 رۆژ بەبێ ئەوەی هۆكاری ئەو بڕیارە ئاشكرابكرێت.
رۆژنامەی گاردیانی بریتانی و تۆڕی هەواڵی بی بی سی ئەو هەواڵەیان بڵاوكردەوە و رۆژنامەكە بە شێوەیەكی دیاریكراو ئاماژەی بەوەداوە، كە بڕیارەكە هیچشتا پێویستی بە پێداچوونەوە و پشتڕاستكردنەوە هەیە لەلایەن ژووری دادوەری لە لیژنەی رەوش، كە دادوەری ئەڵمانی هانز یواخیم ئیكەرت سەرۆكایەتی دەكات.
لیژنەی رەوشت لە دوو رۆژی داهاتوودا گفتوگۆی بابەتی تیوەگلانی بلاتەر و میشێل پلاتینی سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لە گەندەڵی دەكات.
عەبدولئیلا موختاری سەنیگالی و ئەندامی لیژنەی رەوشت لە فیفا، لە داكاری پایتەختی سەنیگالەوە رایگەیاند، لیژنەیەكەیان تاكو رۆژی هەینی لە كۆبوونەوەكانی بەردەوامدەبێت لە زیوریخ لە سویسرا.
لەلایەكی دیكەوە كلاوس شتولگەر، هاوڕێ و راوێژكاری سەرۆكی فیفا، ئاشكرایكرد، بلاتەر دووچاری سزای سڕكردن بۆ ماوەی 90 رۆژ لە هەر چالاكییەكی تۆپی پێ دەبێتەوە، ئەگەر لیژنەی رەوشت داواكاری نوێنەری داواكاری گشتی قبوڵ بكات.
جگە لە زنجیرەی گەندەڵییەكانی فیفا، كە دنیای هەژاند، بەمدواییە سكانداڵی گەندەڵی لە نێوان بلاتەر و پلاتینیش ئاشكرابوو، كە گوایە بلاتەر دوو ملیۆن فڕەنكی فەڕەنسی بە پلاتینی داوە بۆ كارێك، كە بایەخی بۆ فیفا نەبووە.
هاوكات لە دوو رۆژی رابردوودا كۆمپانیا گەورەكانی سپۆنسەری فیفا، داوای دەستلەكاركێشانەوە لە بلاتەر دەكەن و ئەویش لەلای خۆیەوە رایگەیاندووە، تا وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكی فیفا، كە 26ی شوباتی 2016یە، لە پۆستەكەی بەردەوامدەبێت، پێش ئەوەی ئەمڕۆ بڕیاری سڕكردنی بۆ 90 رۆژ بدرێت.