تایبەت بە رووداو.. یارییەکەی زاخۆ و ئیستەنبووڵ سپۆر هەڵوەشێنرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو یارییە دۆستانەیەی بڕیاربوو لەنێوان هەردوو یانەی زاخۆ و ئیستەنبووڵ سپۆر بکرێت، هەڵوەشایەوە و یارییەکە ناکرێت.
 
بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە، لە چوارچێوەی کەمپی مەشق و راهێنانەکانیدا لە تورکیا، یانەی زاخۆ یارییەکی دۆستانە بەرامبەر یانەی ئیستەنبووڵ سپۆری تورکی ئەنجامبدات کە لە خولی پلە یەک یاری دەکات، بەڵام یارییەکە هەڵوەشێنرایەوە.
 
بەهۆی ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، وەڵامی داواکارییەکەی زاخۆی نەداوەتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە، یارییەکە هەڵوەشێنرایەوە."
 
بەپێی سیستمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، ئەو یانانەی لە دەرەوەی تورکیا یاری لەگەڵ یانەکانی ئەو وڵاتە دەکەن و لە کیشوەرێکی دیکەن، دەبێت رەزامەندیی کیشوەرییان هەبێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باش یارییەکە بەڕێوەببەن، هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا و عێراق بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە رازین، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، وەڵامی نەداوەتەوە و بەمەش یارییەکە ناکرێت.
 
یانەی زاخۆ لە تورکیا خۆی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادەدەکات و دەیەوێت لە وەرزی نوێدا رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر بکات لە وەرزەکانی رابردوو.
 
یانەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر چووەتە شاری ساکاریای تورکیا، کەمپێکی مەشق و راهێنانی لەوێ کردووەتەوە و بەشی زۆری یاریزانەکانی تیپەکە ئامادەن، تەنیا ئەو یاریزانانە نەبن کە پەیوەندییان بە هەڵبژاردەکانیانەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی یارییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش ئەمجەد عەتوان و عەلی کازم لە هەڵبژاردەی عێراق، محەممەد ئەبو حەشیش لە هەڵبژاردەی ئوردن و محەممەد ئەسوەد لەگەڵ هەڵبژاردەی سوریا.
 
تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی تەڵاڵ بلووشی، رۆژانە دوو یەکەی مەشقی لە تورکیا ئەنجامدەدات، بەیانیان لەنێو هۆڵی لەشجوانی و ئێوارەش لە یاریگەدا درێژە بە خۆ ئامادەکردنیان دەدەن.
 
تاوەکو ئێستا زاخۆ دوو یاریی دۆستانەی لە تورکیا ئەنجامداوە و بەرامبەر مەولودییەی جەزائیری دۆڕاوە و بە 7-1 لە یانەی ئەرسەلانبێی تورکیی بردووەتەوە.