ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ چۆن گەیشتە 900 گۆڵ و گەورەترین قوربانییەکان کێن؟

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی ژمارە 900ـی لە کاروانی یارییکردنیدا تۆمارکرد و ریکۆردێکی دیکەی تۆمارکرد، ئەم گۆڵەی یاریزانەکە لە دوای نزیکە 22 ساڵ لە دوای گۆڵی یەکەمی تۆمارکرا کە  8004 رۆژ لەمەوبەر یەکەم گۆڵی بەدرێسی سپۆرتینگ لیشبۆنەوە تۆمارکرد.
 
رۆناڵدۆ  131 گۆڵی بەدرێسی پۆرتوگالەوە تۆمارکردووە، گۆڵکاری هەڵبژاردەکە و هەموو هەڵبژاردەکانی جیهانە، ئەم ژمارەی گۆڵەکانی سێ هێندەی گۆڵکارەکانی دیکەی پۆرتوگالە کە لە دوای ئەوەوە پاولێتا دێت بە 47 گۆڵ و ئوزیبۆ بە 41 گۆڵ.
 
جگە لەوەش یەکەم یاریزانی پۆرتوگالییە 150 یاریی لە  213 یاریی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ هەڵبژاردەکە بردبێتەوە.
 
گۆڵە مێژووییەکەی رۆناڵدۆ لە یاریگەی بێنفیکا بوو، لەکاتێکدا لە پێنج یاریی بەرامبەر ئەو یانەیەی خاوەنی یاریگەکەیە هیچ گۆڵێکی نەکردووە.
 
لە 900 گۆڵەی کریس تۆماریکردوون 769 گۆڵی لەسەر ئاستی یانەکان بووە، 450 گۆڵی بۆ یانەی ریال مەدرید بووە.
 
لەو یانەی و هەڵبژاردانەی رۆناڵدۆ گۆڵی لێنەکردوون، لیلی فەرەنسی بە چوار یاری، ئەلبانیا و تورکیا بە چوار یاری دێن.
 
لەو 900 گۆڵەی تۆماریکردوون، قوربانی گەورەی رۆناڵدۆ یانەی سێڤییای ئیسپانییە بە 27 گۆڵ و ئاتلێتیکۆ مەدرید بە 25 گۆڵ، بەرامبەر خێتافی 23 گۆڵی تۆمارکردووە و بەرامبەر بارسێلۆناش خاوەنی 20 گۆڵە و تاوەکو ئێستا دۆن بەرامبەر 198 یانەی و هەڵبژاردەی جیاواز گۆڵی کردووە.
 
لە کاروانی یارییکردنیدا کەریم بنزیما زۆرترین یارمەتی رۆناڵدۆی داوە و 42 گۆڵی بۆ دروستکردووە، مەسعود ئۆزیل بە دروستکردنی 27 گۆڵ لە پلەی دووەمە.
 
رۆناڵدۆ لە کاروانی یارییکردنیدا 66 هاتریکی کردووە، یەکەمیان لە 2008 بوو بەدرێسی مانچێستەر یونایتدەوە بەرامبەر نیوکاسڵ و دواینیان بەدرێسی نەسڕەوە بوو بەرامبەر وەحدە لە خولی سعودیدا.
 
رۆناڵدۆ دووجار پێنج گۆڵی لە یارییەکدا کردووە، هەردووکیان لە 2015 بوو بەرامبەر گرانادا و ئیسپانیۆل.
 
کریس لە ساڵەکانی رابردوودا کەم گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کردووە، بەڵام بەو شێوازە خاوەنی 64 گۆڵە، بەلێدانی سزا 164 گۆڵی تۆمارکردووە، 152 گۆڵی بەلێدانی سەر کردووە، 173 گۆڵی بە قاچی چەپ کردووە، کە قاچی سەرەکی یارییکردنی نییە.
 
رۆناڵدۆ دوای تەمەنی 30 ساڵی 437 گۆڵی کردووە، 178 گۆڵی لە دوای تەمەنی 35 بووە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاتێک مۆندیالی 2026 دەستپێدەکات، تەمەنی دەبێتە 41 ساڵ و 120 رۆژ، ئایا دەبێتە گەورەترین یاریزانی پۆرتوگال لە پاڵەوانێتییەکەدا گۆڵ بکات، لە دوای پێپێ کە لە تەمەنی 39 ساڵ 283 رۆژیدا گۆڵی کردووە.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە