دەستەوارەیەکی خەیاڵی بۆ گرنگترین کەسی ریال مەدرید

رووداو هەولێر 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، ئاشکرایکرد کە یانەیەکی خولی سعودیە پلانی داناوە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ئیتاڵیی یانەی ریال مەدرید بکات. دەشڵێت "بۆ ئەو مەبەستە دەستەوارەیەکی خەیاڵی ئامادە کردووە".
 
بەگوێرەی رۆژنامەڤان رامۆن ئەلڤارێز لە رادیۆی مارکای ئیسپانی، ئەنچێلۆتی خولی سعودیە بە شوێنی داهاتووی خۆی دەزانێت، کاتێک یانەی ریال مەدرید جێدەهێڵێت.
 
رامۆن ئەلڤارێز، زیاتر دەڵێت "کارلۆ ئێستا دەستەوارەیەکی زۆر گرنگی هەیە لەلایەن یەکێک لە یانەکانی خولی سعودییەوە، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک نییە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، کارگێڕیی ریال مەدرید پێیانوایە چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ئێستای یانەی بایەرلیڤەرکوزن، باشترین جێگرەوەیە بۆ شوێنی ئەنچێلۆتی، ئەگەر ئەو راهێنەرە بڕیاری رۆیشتن بدات.
 
نە میدیای سعودی و نە میدیای ئیسپانیش، بڕی ئەو دەستەوارەیان ئاشکرا نەکردووە کە یانە سعودییەکە بۆ ئەنچێلۆتی ئامادەکردووە، بەڵام دەگووترێت کە دەستەوارەیەکی زۆر گرانبەهایە.
 
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، زۆر باس لەوە دەکرا کە ئەگەر هەیە کارلۆ ئەنچێلۆتی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەرازیل وەربگرێت، بەڵام کارگێڕیی ریال مەدرید بڕیاریدا گرێبەستەکەی درێژبکاتەوە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، ئەوکات رایگەیاند تاوەکو ریال مەدرید متمانەی بەو هەبێت ناچێتە هیچ تیپێکی دیکە.
 
راهێنەری ئیتاڵی، گرێبەستە نوێیەکەی لەگەڵ یانەی مێرێنگی واژۆکرد، کە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2026 بەردەوامە.