ڤیدیۆ؛ سینێر و فریتز بەشێوەیەکی دراماتیکی گەیشتنە یاری کۆتایی

 
رووداو دیجیتاڵ

یانیک سینێری ئیتاڵی، پێشەنگی ریزبەندی جیهان هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکا نزیکبووەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
یانیک لە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر جاک دراپێری بەریتانی یارییکرد و بە زەحمەت یارییەکەی بردەوە.
 
سەرەتای رکابەری هەردوو تێنسزانەکە ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد و دراپێر ویستی بەربەست بخاتە بەردەم سینێر، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئەو کۆمەڵەیە بە حەوت پێنج لە بەرژەوەندی یانیک تەواو بوو.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە، دراپێر لە رکابەریکردن بەردەوامبوو، سینێر تووشی پێکانبوو و گەڕایەوە، ئەمجارەش سینێر بە ئەزموونەکەی توانیی سەرکەوتن بەدەستبهێنیت و بە حەوت شەش کۆمەڵەکەی تەواوکرد.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا ئاستی دراپێر دابەزی یانیک سینێر بە شەش دوو کۆمەڵەکەی بردەوە و بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی و دەیەوێت دووەم نازناوی پاڵەوانێتییەکانی گراندسلام بباتەوە.
 
لەلایەن خۆیەوە تایلۆر فریتز، تێنسزانی لاوی ئەمریکی لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و دوای بردنەوەی لە فرانسیس تیافۆی هاونیشتمانی خۆی گەیاندە یاری کۆتایی.
 
لە کۆمەڵەی یەکەمدا تیافۆ باشتر یارییکرد و بە شەش چوار پێشکەوت، بەڵام فریتز گەڕایەوە و بە حەوت پێنج ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا جارێکی دیکە تیافۆ بە شەش چوار پێشکەوتەوە، بەڵام تێنسزانە لاوەکە خۆی بەدەستەوە نەدا و بەردەوامبوو، دوو کۆمەڵەی لەسەریەکی بە شەش چوار و شەش یەک بردەوە و بە سێ کاژێر و 17 خولەک سوپرایزێکی گەورەی تۆمارکرد و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یاریی کۆتاییدا فریتز بەرامبەر یانیک سینێر یاری دەکات و دەیەوێت یەکەم نازناوی پاڵەوانێتییەکانی گراندسلام بباتەوە.