دی برۆین: دەنگی پارە لە دەنگی ئێمە زیاتر دەڕوات

 

رووداو دیجیتاڵ

کێڤن دی برۆین، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەلجیکا، ناڕەزایی دەردەبڕێت لەسەر ژمارەی زۆری یارییەکان و فیفا و یوفا بە هۆکار دەزانێت.
 
دوای یارییەکەی بەلجیکا و ئیسرائیل، کە تیایدا هەڵبژاردەی بەلجیکا توانی بە ئەنجامی 3-1 بەسەریاندا سەربکەوێت و کێڤن دی برۆین دوو گۆڵ تۆمار بکات، ئەو یاریزانە ناڕەزایی خۆی دەربڕی.
کێڤین دی بڕۆین لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند:
"یەکێتی یاریزانە پیشەگەرەکان هەوڵیان داوە چارەسەر بدۆزنەوە بۆ ئەم کێشەیە،بەڵام کێشەکە لە یوفا و فیفایە کاتێک بە بەردەوامی ژمارەی یارییەکان زیاد دەکەن"
ئەمە لە کاتێکدایە یوفا، ئەمساڵ سەرەڕای خشتە قەرەباڵخەکەی یانە و هەڵبژاردەکان، بڕیاریدا سیستەمی چامپیۆنزلیگ بگۆڕێت و ژمارەی یارییەکان لە 125 یارییەوە زیاد بکات بۆ 189 یاری.
لە لایەکی دیکەشەوە فیفا بڕیاریداوە جامی جیهانی یانەکان بە سیستمێکی نوێ بەڕێوەببات لە کۆتایی وەرزدا، ئەویش گوشارێکی زیاتر دەخاتە سەر یاریزانانی یانە بەهێزەکان، بە شێوەیەک ئەگەری هەیە بەشێک لە ئەستێرەکان، زیاتر لە 80 لە ساڵێکدا ئەنجام بدەن.
 
دی برۆین بەردەوام دەبێت و دەڵێت،" ئێمە دەتوانیت نیگەرانی خۆمان بگەیەنین، بەڵام چارەسەر نییە، وادیارە پارە دەنگی زیاتر دەڕوات لە دەنگی ئێمەی یاریزان"
 
زیادکردنی ژمارەی یارییەکان و دانانی پاڵەوانێتیی نوێ بە بەردەوامی داهاتی گەورە بۆ یوفا و فیفا و یەکێتییە ناوخۆییەکانی وڵاتان بەدەست دەهێنێت، بەڵام ئەو داهاتانە لەسەر ماندووبوونی بەردەوامی یاریزانەکان و دەستەی بەڕێوەبردن و راهێنەرایەتی تیپەکان بەدەست دەهێنرێن.