ڤیدیۆ؛ دیشام: ئێمباپێ لە دۆخێکی زۆر باشدایە

رووداو دیجیتاڵ

 

دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەڵبژاردەی فەرەنسادا، کە لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024ـدا رووبەڕووی ئێرلەندا دەبێتەوە، دووپاتیکردەوە کە کیلیان ئێمباپێ لە دۆخێکی زۆر باشدایە. گوتیشی "دەبێ هەوڵبدەین لە رووی بەرگرییەوە کێشەی زیاتر بۆ ئێرلەندا دروست بکەین".
 
ئەمە پوختەی قسەکانی دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسایە:
 
کیلیان ئێمباپێ لە دۆخێکی زۆر باشدایە، ئەو گەڕاوەتەوە بۆ یارییەکان و یانەکەی چەند یارییەکی ئەنجامداوە، لە رووی دەروونی و جەستەییەوە لە دۆخێکی زۆر باشدایە، ئەو لێرەیە و رۆڵی خۆی و پێگەی خۆی وەک کاپتن دەزانێت بۆ ئەوەی هەوڵبدەین ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنین کە ئێمە دەمانەوێت.
 
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی ئێرلەندا، ئەوەی پێویستە باشی بکەین ئەوەیە کە زیاتر وردبینەوە و هەوڵبدەین لە رووی بەرگرییەوە کێشەی زیاتر بۆ ئێرلەندا دروست بکەین، لە یەکەم یارییدا لە ئێرلەندا هەلی زۆرمان نەبوو، هەندێکجار ئەوان لە بەرگریدا زۆر باش بوون، من پێموایە سبەینێش هەر بەو شێوەیە دەبێت، ئێمە لە کۆتایی ئەو یارییەدا دڵخۆش بووین، ئێمە لە پاشەکشە دابووین و دواتر مایک ماینان تۆپێکی مەترسیداری گەڕاندەوە، کە دەکرا ئەو تۆپە ئەنجامی یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت.