ڤیدیۆ؛ ئەرجەنتین و بەرازیل دەست بە یاری دەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور، کاروانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 دەستپێدەکەن کە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن و ئەمجارە هەلی سەرکەوتن بۆ چەندین هەڵبژاردەی دیکەی کیشوەرە رەخساوە.
 
لە دوای زیادکردنی ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیالی داهاتوو بۆ 48 هەڵبژاردە، فیفا کورسیی سەرجەم کیشوەرەکانی بۆ گەیشتن بە جامە جیهانییەکە زیادکرد و ئەمریکای باشوور ژمارەی کورسییەکانی لە چوار کورسیی راستەوخۆوە کرا بە شەش کورسیی راستەوخۆ، ئەمە جیا لەوەی کە هەڵبژاردەی حەوتەم، دەگاتە پاشکۆی پاڵاوتنەکان.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بۆ هەنگاونان لەپێناو بەرگریکردن لەو نازناوەی کە ساڵی رابردوو لە قەتەر بەدەستیهێنا، هەنگاوی یەکەمی پاڵاوتنەکان بەرامبەر ئیکوادۆر ئەنجامدەدات و چاوەکان لەسەر ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژارەکە، لیۆنێل مێسی دەبن بۆ نووسینەوەی بەشێکی دیکەی مێژووی تانگۆ، پاشئەوەی بەرپرسانی تۆپی پێی وڵاتەکە دووپاتیان لەوە کردەوە، مێسی لە مۆندیالی داهاتوودا بەشداریی دەکات.
 
لیۆنێل سکالۆنی راهێنەر کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە پێکهاتەکەیدا کردووە بۆ دوو یاریی ئەم گەڕەی پاڵاوتنەکان و چوار یاریزانی نوێی هەیە کە یەکەمجارە لەگەڵ ئەرجەنتین دەردەکەون.
 
ئیکوادۆرییەکان کە ئینێر ڤالێنسیای هێرشبەری قاڵ پێشەوایەتییان دەکات، ئومێدی درەوشانەوەی ئەو هێرشبەرەیان دەکەن، پاشئەوەی لە مۆندیالی رابردوودا سێ گۆڵی تۆمارکرد. بەڵام هەڵبژاردەکە بە کەم سێ خاڵەوە کاروانی پاڵاوتن دەستپێدەکات، بەهۆی کێشەی بیرۆن کاستییۆی یاریزانی، لە مۆندیالی پێشوو.
 
بەرەبەیانی سبەی، یارییەکانی پاڵاوتن لە کیشوەرەکە بە رووبەڕووبوونەوەی پاراگوای و پیرۆ دەستپێدەکات و کۆڵۆمبیا و ڤێنزوێلاش رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئۆرۆگوای کە هەڵبژاردەیەکی بەهێز و سەرنج لەسەری دیکەی کیشوەرەکە دەبێت، پێکهاتەی خۆی بۆ گەڕی ئەمجارەی پاڵاوتنەکان، بەدوورخستنەوەی لویس سوارێز و ئیدیسۆن کاڤانی و بانگهێشتکردنی ژمارەیەک یاریزانی نوێ لەلایەن مارسێلۆ بێلسای راهێنەرەوە ئاشکرا کردووە.. لە ریزەکانی ئۆرۆگوایدا هەریەکە لە داروین نونیێزی هێرشبەری لیڤەرپوول و فیدریکۆ ڤاڵڤێردی ئەستێرەی ریال مەدرید، چاوەڕێکراوە لەگەڵ هەڵبژاردەکەیان سەرەتایەکی باشیان هەبێت.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل، کە لە مۆندیالی پێشوودا جارێکی دیکە لاپەڕەیەکی دیکەی شکستی خۆی نووسییەوە، لە دۆخێکی ئاوارتە و رۆژانێکی نائاساییدا روو لە پاڵاوتنەکان دەکات.. بەرازیل کە پێدەچێ دڵنیابێت لەوەی دەگاتە مۆندیالی داهاتوو، بۆ پاڵاوتنەکان ئەرکەکەی بە فێرناندۆ دینێزی راهێنەری کاتی بەستووە و هەمووان چاوەڕێن هاوینی داهاتوو، کارلۆ ئەنچیلۆتی رۆژان و سەردەمێکی نوێ لەگەڵ سامبادا دەستپێبکات.
 
دینێز بۆ گەڕی یەکەمی پاڵاوتنەکان پشت بەبەهرەکانی نەیمار دەبەستێتەوە و رۆدریگۆ و رافینیاش پاش گەڕانەوەیان بۆ بەرازیل، پەیوەندییان بە مەشقەکانی هەڵبژاردەکەوە کرد.
 
بەڵام ئەرکەکەی دینێز لەو چەند مانگەی کارکردن لەگەڵ هەڵبژاردەکە ئاسان نابێت، کاتێک ئاشکرایە چەندین کێشەی گەورە و بچووک چواردەوری هەڵبژاردەکەیان گرتووە.. لە پێکانی ئەستێرەیەکی وەک ڤینیسیۆس جۆنیۆرەوە، تاوەکو دوورخستنەوەی ئانتۆنی بەهۆی کێشەی دەستدرێژی بۆ سەر دەستگیرانەکەی و گومانکردن لە پاکیتا بە تێوەگلان لەدەستکاریکردنی ئەنجامی یارییەکان.