ئەستێرەیەکی دیکەی بەنێوبانگ نزیکە بچێتە سعودیە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی شەبابی سعودی، بەهۆی ئەو ئەنجامە خراپانەی لە سەرەتای ئەم وەرزەدا لە خولی سعودیدا بەدەستیهێناون، هەنگاوەکانی بۆ رازیکردنی راهێنەرێکی ئینگلیزی دەستپێکردووە و دەیەوێت پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی شەبابی سعودی لەگەڵ جۆن تێری، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی چێڵسی، لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتیی یانە سعودییەکە وەربگرێت.
 
بەپێی زۆرینەی سەرچاوەکان رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان هەردوولادا کراوە، راهێنەرەکە لە مانگی رابردووەوە گفتوگۆ لەگەڵ یانەی شەباب دەکات و رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ پۆستی راهێنەرایەتیی یانەی شەباب وەربگرێت.
 
جۆن تێری وەک یاریزان ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ یانەی چێڵسی و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەبووە، دوای وازهێنانی لە یارییکرد روویکردە کاری راهێنەرایەتی و لە یانەکانی لێستەر سیتی و ئاستۆن ڤێلا وەک یاریدەدەری دین سمیس کاریکردووە.
 
ئێستا جۆن تێری راوێژکاری ئەکادیمیای یانەی چێڵسییە و یانەی شەباب رێککەوتنی لەگەڵ ئەو یانەیەش کردووە بۆ ئەوەی دەستبەرداری تێری ببێت.
 
یانەی شەباب لە سەرەتای ئەم وەرزەدا دوای ئەنجامدانی 5 یاری تەنیا دوو خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەکانی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە، بۆیە دەیەوێت بە هێنانی جۆن تێری ئەنجامەکانی راستبکاتەوە و خۆی لە پلەکانی پێشەوە نزیکبکاتەوە.