هەواڵێکی خۆش گەیشتە ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەڤانی ئیتاڵی فابریزیۆ رۆمانۆ، پێشهاتێکی نوێی لەسەر پێکانەکەی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشکرا کرد.
 
کۆرتوا لە سەرەتای وەرزدا نەشتەرگەری بۆ کرا، دوای ئەوەی گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە لە کاتی مەشقەکانی ریال مەدریددا تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بوو. کە ئەوکات پزیشکان رایانگەیاند، وەرزی کۆرتوا کۆتاییهات.
 
رۆژنامەڤانە ئیتاڵییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشبینی دەکرێت کۆرتوا لە کۆتا بەشی وەرزدا بگەڕێتەوە، واتە لە دەوروبەری مانگی نیساندا.
 
لە هەمان چوارچێوەدا یانەی ریال مەدرید لە بیست و شەشی مانگی ئایاری داهاتوو رووبەڕووی یانەی ریال بێتیس دەبێتەوە لە خولی ئیسپانیا، ئەمەش مانای وایە کۆرتوا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە و بەشداری لە بەشێک لە یارییەکانی ریال مەدرید دەکات، کە لەوانەیە یارییە یەکلاکەرەوە و گرنگەکان بن.
 
ریال مەدرید بەهۆی دوورکەوتنەوەی کۆرتوا ناچارە پشت بەو بژاردانەی ئێستای ببەستێت، چ لە لالیگادا یان لە چامپیۆنزلیگ.
 
ریال مەدرید بەشێوەی خواستن گرێبەستی لەگەڵ کێپا ئاریزابالاگا گۆڵپارێزی یانەی چێڵسی کردووە، بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە جێگەی کۆرتوا بگرێتەوە.