گرنگترین پەیام لە رۆناڵدۆوە: رکابەریی من و مێسی کۆتاییهات

07-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، رایگەیاند "بیست ساڵی یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی شانازییەکی مێژووییە". گوتیشی "ئەوەی رۆناڵدۆی خۆش دەوێت نابێ رقی لە مێسی بێت". کریس هەروەها دووپاتیکردەوە "کە گوتم خولی سعودیە بەهێزە هەموو پێیانوابوو من شێتم، بەڵام لە کۆتاییدا پیاوە شێتەکە شێت نەبوو".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و سلۆڤاکیا لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024ـدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
کریس گوتی "دەمانەوێت دوو یاریی داهاتوومان ببەینەوە، ئەگەر بردمانەوە ئەوە مانای ئەوەیە سەرکەوتووین بۆ یۆرۆ. یارییەکان قورسن، بەتایبەت دژی سلۆڤاکیا. هەموو کات یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی خۆمان قورسن، بەڵام تیپەکەمان باش یارییدەکات و نەدۆڕاوین و متمانەمان بەخۆمانە. ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە کە دەبێ لەسەر یاریگەی خۆمان، جارێکی دیکە لە لۆکسمبۆرگ ببەینەوە، ئەگەر بردمانەوە مانای ئەوەیە گەیشتووینەتە یۆرۆ".
 
کاپتنی پۆرتوگال، هەروەها گوتی "بیست ساڵی یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی شانازییەکی مێژووییە. بۆ من جێگەی شانازییە کاتێک ئەو ژمارانە دەبینم کە بەدەستم هێناون، بەڵام من هێشتا زیاترم دەوێت. کاتێک لەبەرزترین ئاستدا یارییدەکەم، دەبێ خەونەکانم گەورەبن. سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە یانەکان و هەڵبژاردە هاوکارییان کردووم، بەڵام من هێشتا زیاترم دەوێت".
 
 
"رکابەریی من و مێسی کۆتاییهات"

دۆن رۆناڵدۆ باسی رکابەریی نێوان خۆی و لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینیشی کرد و گوتی "من شتی لەو شێوەیە نابینم، رکابەرییەکە کۆتایی هات. ئەوە رکابەرییەکی زۆر تەندروست بوو و هاندەران پێی سەرسامبوون. ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی خۆشبوێت نابێ رقی لە مێسی بێت، بەپێچەوانەشەوە، چونکە هەردووکیان زۆر باشبوون، مێژووی تۆپی پێیان گۆڕی و بەردەوامیشن لەسەر ئەو کارە. ئێمە رێزی هەمووانمان بەدەستهێنا لە هەموو جیهاندا، ئەمەش گرنگترین شتە". 
 
ئەستێرەی پۆرتوگالی، زیاتر لەبارەی مێسی دوا و گوتی "ئەو رێگەی خۆی دەبڕێت و منیش رێگەی خۆم دروستدەکەم، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی ئەوروپاش بین. ئەوەی کە من بینیومە ئەو کاری باشی کردووە و منیش بەهەمان شێوە. بابەتەکە پەیوەندی بەبەردەوامییەوە هەیە، هەروەها دروستکردنی پاشخان و ململانێ، من شتی لەو جۆرە نابینم. پێشتریش گوتووتە و دووپاتیدەکەمەوە ئێمە پانزە ساڵ شانۆکەمان لە نێوان خۆماندا دابەشکرد و ئیشەکەمان کۆتایی هات. من ناڵێم ئێمە هاوڕێ بووین، چونکە هەرگیز پێکەوە ئێوارەخوانێکمان نەبوو، بەڵام هاوپیشەبووین، رێزی یەکدی دەگرین".




"شانازی بەوەوە دەکەم کە کولتوور و تۆپی پێی سعودیەم گۆڕی"

دۆن دواتر باسی خولی سعودیەی کردەوە و گوتی "بەرلە شەش مانگ گوتم ئەوکات هەموو پێیانوابوو من شێتم، بەڵام لە کۆتاییدا پیاوە شێتەکە شێت نەبوو، چونکە ئێستا یاریکردن لە خولی سعودیە بووەتە شتێکی ئاسایی. من لەبەرئەوەی یاریزانی نەسڕم و دوای ئەوەی نزیکەی هەشت مانگ لەو یانەیە یارییمکرد، دەمزانی چی روودەدات و شانازییەکی گەورەبوو کە بتوانم نەک تەنیا کولتووری وڵاتەکە، بەڵام هەموو ئەوە بگۆڕم کە پەیوەندی بە تۆپی پێوە هەیە". 
 
کریستیانۆ زیاتر گوتی "بوونی یاریزانانی نایاب و رووکردنە ئەوێ، وایکردووە شانازی بەخۆمەوە بکەم. ئەوان گرەو لەسەرهێنانی یاریزانی باش دەکەن و دەیانەوێت ببینە یەکێک لە خولە گەورەکانی جیهان، بۆچی هەلی ئەوەیان نەدەینێ لە کاتێکدا ئەوان توانا و ئازایەتیی ئەنجامدانی ئەو کارەیان هەیە؟ من خۆم پێشەنگی ئەوەبووم و شانازییەکی گەورە بەوەوە دەکەم، ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە کە خولی سعودیە لە گەشەکردن بەردەوام بێت، نەک تەنیا لە ئێستادا بەڵکو لە ساڵانی داهاتووشدا، هیوادارم ببێتە یەکێک لە خولە گەورەکانی دونیا".

 
"ویستی ئەوەم هەیە بچمە یۆرۆی داهاتوو و لەوێ کاری مەزن ئەنجام بدەم"
 
سەبارەت بەوەی کە تا چەند ساڵی دیکە بەردەوام دەبێت لە یاریکردن و ئایا بەشداری لە مۆندیالی 2026ـدا دەکات یان نا؟ رۆناڵدۆ گوتی "راستگۆیانە دەدوێم و ئێستا و لە دوو ساڵی رابردوودا جیاواز بیردەکەمەوە. هەندێک شت روویاندا وایانکرد هەستبکەم ژیان جیاوازترە لەو تەنیا ساتەی منی تێدا دەژیم. ناتوانم بیر لە داهاتووی دوور بکەمەوە، چونکە ئیدی بۆی هەیە هەموو شت رووبدات، شتێک رووبدات لەناکاو و ئیدی هەموو شتەکانی دیکە بگۆڕێت. من تەنیا چێژ لە ساتەکە و لە شتە باشەکان وەردەگرم. ویستی ئەوەم هەیە بچمە یۆرۆی داهاتوو و لەوێ کاری مەزن ئەنجام بدەم، بابزانین چی روودەدات، چونکە ژیان دینامیکییە و تۆ نازانی سبەی چی روودەدات، هەر بۆیە لای من چێژوەرگرتنە لە ساتی ئێستا".


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە