ماسیمیلیانۆ ئالێگری باسی مێسی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی باسی دۆڕانی یانەکەی بە پاریس سانجێرمان دەکات، دەشڵێت "دەبووایە باشتر رێگە لە مێسی و نەیمار بگرین".
 
لە یاریی لووتکەی یەکەم گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا، پاریس سانجێرمان لەسەر یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی کرد و 2-1 لێیبردەوە.
 
ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەبارەت بە یارییەکە گوتی "من لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام کە لە نیوەی دووەمدا ئاستێکی زۆر باشمان پێشکەشکرد، بەڵام تووڕەین، چونکە دەرفەتی بردنەوەمان لەدەستدا، دەبووایە لە دواخولەکەکاندا وردتر بین، هەرچەندە پاریس سانجێرمان دەیتوانی لە نیوەی دووەمدا یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک تەواو بکات".
 
راهێنەری یانەی خانمە پیرەکە، باسی لیۆنیل مێسی و نەیماریشی کرد و لەبارەیانەوە گوتی "هەندێجار سەرکێشیمان دەکرد، بەڵام ئەوان خێراترین هێرشبەرانی جیهانیان هەیە، بۆیە لە نیوەی دووەمدا باشتر بەرگریمان کرد، مێسی و نەیمار کاتێک کۆنترۆلی تۆپ دەکەن زۆر بەباشی یاری دەکەن، بۆیە دەبووایە باشتر رێگەیان لێبگرین".
 
ئالێگری، لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "لەمەودوا دەبێت گەشە بکەین، من متمانەیەکی زۆرم هەیە، دەبێ لە ئێستاوە ئەم یارییە لە لایەک دابنێین و لەبیر خۆمان ببەینەوە و بیر لە یاریی داهاتوومان بکەینەوە، کە ئەمەیان قورستر دەبێت، بەڵام ئەمە دۆخی چامپیۆنزلیگە".