وەلی کەریم بەمەرج لە بڕیارەکەی پاشگەز دەبێتەوە

07-09-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

وەلی کەریم دوای ئەوەی بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند، لەلایەن بەرپرسانی یانەی نەورۆز دەستلەکارکێشانەوەکەی رەتکرایەوە و داوایان لێکردووە چاوەڕێی کۆبوونەوەی کۆتایی یانەکە بێت، کە هەموو شتێک لەو کۆبوونەوەیەدا یەکلایی دەبێتەوە.

راهێنەری یانەی نەورۆز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاوەڕوانی کۆبوونەوە یەکلاکەرەوەکەی ئەمڕۆی یانەی نەورۆز دەکەم، ئەگەر بێت و داوام لێبکەن لە ئەرکی راهێنەری یانەی نەورۆز بەردەوام بم، منیش مەرجی خۆم هەیە، کە نابێت لەسەر ئەنجام لێپێچینەوەم لەگەڵ بکەن، یان لە پۆستەکەم دوورمبخەنەوە، چونکە کاتم لەبەردەست نییە بۆ ئامادەکردنی تیپ، تەنیا 13 رۆژ ماوە بۆ دەستپێکردنی خولی نایابی عێراق، ئەمە لەکاتێکدا، یەک یاریزان لە یانەکەدا نەماوە و ماوەی شەش رۆژە دەستمان لە راهێنان هەڵگرتووە".

سەبارەت بە دروستکردنەوەی تیپ، وەلی کەریم بە رووداوی گوت: "من دەتوانم زۆربەی یاریزانە کورد و عەرەبەکان بگەڕێنمەوە بۆ یانەکە. راستە زۆربەی ئەو یاریزانانە بەشێوەی سەرزارەکی هەریەکە و لەگەڵ یانەیەک رێککەوتووە، بەڵام زۆربەیان گرێبەستەکانیان لەگەڵ نەورۆز بۆ ماوەی 2 ساڵە، لە ئەگەری رۆیشتن لە یانەکە، پێویستیان بە وەرگرتنی مافی دەستبەرداربوون هەیە لە نەورۆز و بەبێ وەرگرتنی  مافی دەستبەرداربوون، ناتوانن نەورۆز جێبهێڵن".

بەرپرسانی یانەی نەورۆز دڵنیاییان بە وەلی کەریم داوە، کە یانەکە دەتوانێت مانگانە بڕی 100 ملیۆن دینار پەیدا بکات بۆ خەرجی، مووچە و گرێبەستی یاریزانان، ئەگەر بێت و یانەکە ئەو بڕەپارەیەی پێ دابینبکرێت، راهێنەرەکەش لاری نییە لە گەڕانەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز لە خولی نایابی عێراق.

سەبارەت بە مووچە و گرێبەستی خۆی، وەلی کەریم گوتی: "لە رێککەوتنی پێشووم بە گرێبەست و مووچە 55 ملیۆن دینارم لە یانەکە وەرگرت، بەڵام ئێستا نەورۆز کێشەی دارایی هەیە، ئامادەم رێککەوتنێکی نوێیان لەگەڵ بکەم و لە بەشێک لە مافی خۆم خۆش ببم.

یانەی نەورۆز ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی دەدات سەبارەت بە چارەنووسی یانەکە لە خولی نایابی عێراق

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە