پاڵاوتنەکانی مۆندیال.. هۆڵەندا و تورکیا یاریی لووتکە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕی شەشی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر بەڕێوەدەچن و 14 یاری لە 14 وڵات ئەنجام دەدرێن، کە رووبەڕووبوونەوەی هۆڵەندا و تورکیا یاریی لووتکە دەبێت.

یاری ئازەربایجان و پۆرتوگال کاژێر 19:00 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە پۆرتوگال بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەچێتە باکو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڵبژاردەیەی پلەی کۆتایی کۆمەڵەی یەکەمی گرتووە.

پۆرتوگال، 10 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەدایە، کە سربیا بە جیاوازی گۆڵ لەپێشیەتی، بۆیە هەوڵدەدات 3 خاڵە ئاسانەکە لە ئازەربایجانەوە بباتەوە، بە هیوای ئەوەی سربیا لە یارییەکەی ئەمجارەدا بەرامبەر ئێرلەندا 3 خاڵ یان بەلای کەمەوە 2 خاڵ لەدەستبدات و پێشەنگی رادەستی پۆرتوگالییەکان بکات.

یاریی لووتکەی ئەم گەڕە لە کۆمەڵەی حەوتەم دەبێت، کە هەردوو هەڵبژاردەی تورکیا و هۆڵەندا شەڕی پێشەنگی دەکەن.

یارییەکە لەسەر یاریگەی ئەمستردام ئەرێنا لە هۆڵەندا بەرێوەدەچێت، کە تیپی خاوەن یاریگە ئێستا لە دۆخێکی باشتردایە و هاتنی ڤان خال بۆ سەرپەرشتیکردنی مەشقەکانی تەکانێکی بەو هەڵبژاردەیە داوە و ئێستا بە رۆحێکی جیاوازەوە یاری دەکات.

هۆڵەندییەکان خوازیارن لە ڤان خاڵ تۆڵەی یاری چوون لە تورکەکان بکاتەوە، کە 4 - 2 لێیبردوونەتەوە، هەم بەم سەرکەوتنەش دەچنە پێشەنگی ریزبەندیی کۆمەڵەکەیان، کە ئێستا تورکیا بە 11 خاڵ گرتوویەتی و هۆڵەنداش بە 10 خاڵ دووەمە.

هێشتا ئەم دوو هەڵبژاردەیە ئەرکیان زەحمەتە و هیچ شتێکیان مسۆگەر نییە، چونکە رکابەرێکی دیکەشیان هەیە، کە نەرویجە و ئەویش خاوەنی 10 خاڵە لە پلەی سێیەم و ئەمڕۆ لەسەر خاکی خۆیدا یارییەکی ئاسانی هەیە، کاتێک میوانداری جیبرالتار دەکات، کە بێ خاڵە و لە 5 یارییدا 20 گۆڵی لێبووە.

یارییەکی دیکەی گرنگی ئەمڕۆ لە کۆمەڵەی چوارەم دەبێت، کاتێک فەرەنسای پاڵەوانی جیهان میوانداری فینلەندا دەکات.

کەڵەشێرەکانی فەرەنسا بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەیانیان گرتووە، بەڵام لە دوایین دوو یارییدا نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبێنن، کە بەرامبەر بۆسنە و هێرسک و ئۆکراینا یەکسانبوونە و ئیدی هەمووان گومان لە ئاستی دەکەن، تەنانەت پۆل پۆگبا گوتی "ئێستا ئێمە باشترین هەڵبژاردەی جیهان نین".

فینلەنداش تاوەکو ئێستا ئاستێکی باشی پێشکەشکردووە و بە 5 خاڵ دووەمی کۆمەڵەکەیە، ئەو ئەگەر لە پاریس سوپرایزێک بکات، هەنگاوێکی گەورە دەنێت بەرەو خەونە مەزنەکەی.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

ئازەربایجان - پۆرتوگال 19:00
فەرەنسا - فینلەندا 21:45
نەرویج - جیبرالتار 21:45
دانیمارک - ئیسرائیل 21:45
لۆکسمبۆرگ - قەتەر 21:45
بۆسنە - کازاخستان 21:45
هۆڵەندا - تورکیا 21:45
نەمسا - سکۆتلەندا 21:45
دۆرگەکانی فارۆ - مۆلدۆڤا 21:45
سلۆڤاکیا - قوبرس 21:45
مۆنتێنێگرۆ - لاتڤیا 21:45
کرواتیا - سلۆڤینیا 21:45
رووسیا - ماڵتا 21:45
ئێرلەندا - سربیا 21:45