ڤیدیۆ؛ دوو یاریزانی کورد سەرکردایەتی دێربیی ئاسیا دەکەن

07-09-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
عێراق، ئێران
عێراق، ئێران
نیشانەکردن عێراق ئێران پاڵاوتنەکانی مۆندیال
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

دێربیی ئاسیا، یارییەک کە هەمیشە پڕ بووە لە رکابەری و هێز، هەمیشە سەرنجڕاکێشە و ماندووبوونی زۆری پێویستە بۆ یەکلاکردنەوەی، ئەمە یاریی عێراق و ئێرانە.

لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال، کاژێر 21:00 هەڵبژاردەی عێراق لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەسەر یاریگەی خەلیفەی نێودەوڵەتی، میوانداریی ئێرانی رکابەری هەمیشەیی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ لە پاڵاوتنەکاندا.

عێراق دوای یەکسانبوونی لە یارییەکەی بەرامبەر کۆریای باشوور بە ورە بەرزییەکی زۆرەوە بۆ بەرامبەر ئێران ئامادەیە، جگە لە عەلی عەدنان سەرجەم یاریزانەکانی ئامادەن و دەیانەوێت یەکەم سێ خاڵ لە رکابەرییەکەدا ببەنەوە و پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەم وەربگرن.

هەڵبژاردەی ئێران بەبردنەوە لە عێراق گەیشتە ئەم قۆناخەی پاڵاوتنەکان، لە یاریی رابردووشدا بە زەحمەت لە سوریای بردەوە، بۆ ئەم یارییەش هەڵبژاردەکە چاوی لە بردنەوەی دووەم یاریی لەسەریەکە، ئەوەی زیاتریش هاوکاریی هەڵبژاردەکە دەکات گەڕانەوەی دراگان سکوچیچی راهێنەری هەڵبژاردەکەیە کە لە یاریی یەکەمدا بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆناوە لەگەڵ هەڵبژاردەکە نەبوو.

لەم یارییە مێژوویی و ئاساییەدا، دوو یاریزانی کورد یارییدەکەن، شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی باشووری کوردستان لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق و عەلیرەزا بەیرانوەند، کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵبژاردەی ئێران، هەردوو یاریزانەکەش لە یاریی یەکەمدا بەرزترین ئاستی خۆیان پێشکێشکرد.

شێرکۆ کەریم لە یاریی بەرامبەر ئێران لە هێڵی بەرگری یارییکرد و توانیی رێگە لە سۆن هیونگ مین بگرێت، بۆ پاراستنی گۆڵەکەیان، عەلیرەزا بەیرانوەندیش بەرامبەر سوریا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرت.

متمانە بەخۆبوونی دیک ئادڤۆکات، پاڵپشتییەکی بەهێزی پاڵەوانی ئاسیای ساڵی 2007 دەبێت، بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا بەهێزەوە دەربکەون، لە رووی دەروونیشەوە هەڵبژاردەی عێراق هیچ کێشەیەکی نییە، جگە لەوەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پاڵپشتییەکی بەهێزی دەکرێت و بۆ ئەم یارییەش عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بۆ پاڵپشتیکردن لە هەڵبژاردەکە چووەتە قەتەر.

عێراق و ئێران لە قۆناخی رابردووی پاڵاوتنەکاندا لە یەک کۆمەڵەدابوون، دووجار بەرامبەر یەکدی یارییانکرد، جارێک عێراق و جارێکیش ئێران بردنەوەیان تۆمارکرد، لە رووی نرخی پێکهاتەوە هەڵبژاردەی ئێران جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ عێراق هەیە و نرخەکەی دەگاتە 73.68 ملیۆن یۆرۆ و گرانترین یاریزانی سەردار ئازمۆنە، بەڵام نرخی پێکهاتەی عێراق تەنیا 10.68 ملیۆن یۆرۆیە، لێ ئەمە تەنیا جیاوازیی نرخە و 90 خولەکی یاری یەکلاییدەکاتەوە کێ سێ خاڵی یارییەکە دەباتەوە و پێشەنگی کۆمەڵەکە دەگرێت.

دیک ئادڤۆکات، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی " ئێمە لە هیچ تیپێک ناترسین و بەتەواوی بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئێران ئامادەین ".

راهێنەری عێراق زیاتر گوتی " هەموو یارییەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەرامبەر ئێران یارییەکی هێرشبەرانە دەکەین، دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر کۆریا شێوازی بەرگریمان پەیڕەوکرد ".

دیک ئادڤۆکات زیاتر گوتی " تیپەکەمان بە ورە بەرزییەکی زۆرەوە ئامادەیە، دەمانەوێت بەشێوازی خۆمان یاریی بکەین و هیوادارم یاریزانەکانمان گۆڵ تۆماربکەن ".

راهێنەرە هۆڵەندییەکە دەڵێت " بەباشی هەڵبژاردەی ئێران دەناسم، دەزانم ئەوان تیپێکی بەهێزن لە کیشوەری ئاسیا، بەڵام دەمانەوێت یارییەکە ببەینەوە و چاومان لە ئەنجامێکی باشە لە یارییەکەدا ".

ئادڤۆکات بە رۆژنامەڤانانی گوت " من بۆ ئەوە نەبوومەتە راهێنەری عێراق بۆ ئەوەی کاتەکانم بەسەرببەم، بەڵکو ئامانجمان گەیشتنە بە مۆندیال، ئەوەی دەیەوێت بگاتە مۆندیالیش پێویستە لە هەمووان بباتەوە و خاوەن کەسایەتی بێت، عێراقیش ئەو کەسایەتییەی هەیە ".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە