ئیمان خلیف رووبەڕووی رووداوێکی دیکەی سەیر دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە رێککەوتێکی سەیردا، ئەو خانمە بۆکسێنەرە چینییەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی بۆکسێندا بڕیاربوو لەگەڵ ئیمان خلیفی خانمە بۆکسێنەری جەزائیری یاریی کۆتایی بکات، بەڵام بەهۆی دوورخستنەوەی ئیمان بەپاساوی ئەوەی هۆرمۆنەکانی پیاوانی هەیە، چینییەکە کرایە پاڵەوان، ئەمجارە ئەو دووانە لە یاریی کۆتایی پێشبڕکێکانی بۆکسێنی خانمان بۆ کێشی 66 کیلۆگرامی لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا دەکەونەوە بەرامبەر یەکدی.
 
خانمە بۆکسێنەری چینی، یانگ لیو توانی بگاتە یاریی کۆتایی پێشبڕکێی بۆکسێنی خوار تەمەن 66 کیلۆگرام لە یارییەکانی ئۆڵیمپیاد، کە ئێستا لە پاریس بەڕێوەدەچن، دوای ئەوەی لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا، کە لە هۆڵی رۆلاند گارۆس لە پاریس بەڕێوەچوو، لە شین نین شینی تایوانی بردەوە.
 
بەمشێوەیە یانگ لیو لە یاریی کۆتاییدا کە بڕیارە هەینی داهاتوو ئەنجام بدرێت، رووبەڕووی ئیمان خلیفی جەزائیری دەبێتەوە، کە پلەی دووەمی پاڵەوانێتی جیهانی 2023ـی بەدەستهێنا.
 
ئیمان دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە تۆڵە لە هاوتا چینیەکەی بکاتەوە، دوای ئەوەی رێگری لێکرا لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی جیهاندا رووبەڕووی ببێتەوە، بەبیانووی بوونی رێژەیەکی زۆری هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە جەستەی ئیماندا.
 
ئیمان ئەوکات بەقسەی چاودێران، نادادپەروەرییەکی گەورەی بەرامبەر کرا، چونکە پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتی جیهانی لە هەموو پشکنینە پزیشکییەکان دەرچوو، پێش ئەوەی بڕیار بدرێت لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر رکابەرە چینییەکەی بەشێوەیەکی سەیر لە رکابەریکردن دووربخرێتەوە.
 
رۆژی هەینی کاژێر 23:51 ئیمان خلیفی جەزائیری بەرامبەر یانگ لیوی چینی یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی میدالیای زێڕی رکابەرییەکە.
 
ئیمان خلیف، ناوێکی نەناسراو بوو، تاوەکو ئەو کاتەی لە قۆناخی 16ـی ئۆڵیمپیاددا رووبەڕووی ئانجێلا کارینی ئیتاڵی بووەوە.
 
بۆکسێنەرە ئیتاڵییەکە دوای تەنیا 46 چرکە لە هاتنە ناوەوەی بۆ نێو یاریگە بڕیارییدا خۆی بەرامبەر ئیمان خلیف بکشێنێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە ئەو پێیوایە ئیمان خلیف پیاوە نەک خانم.
 
ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی دونیا دروستکرد، قسەی جیاوازی لەبارەوە کرا، بەڵام هێزێکی زیاتری دایە بۆکسێنەرە جەزائیرییەکە و دڵی هەزاران هاندەریشی لەسەر ئاستی جیهان بەلای خۆیدا راکێشا و پاڵپشتییەکی بەهێزی دەکرێت.