خانمێکی سعودی رکابەرە ئیسرائیلییەکەی لە ئۆڵیمپیاددا کردە دەرەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

خانمێکی سعودی لە رکابەرە ئیسرائیلییەکەی بردەوە و هەنگاوێکی دیکە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی میدالیایەکی ئۆڵیمپیاد چووە پێشەوە.
 
لە رکابەرییەکانی قۆناخی 16ـی یاریی تایکواندۆدا لەسەر ئاستی خانمان، دونیا عەلی موتەڵیب، یاریزانی سعودی رووبەڕووی ئاڤیشاگ سێمبێرگی ئیسرائیلی یارییکرد و یارییەکەی لێبردەوە.
 
لە یارییەکەدا دونیا بە ئاستێکی باشترەوە دەرکەوت و توانیی یارییەکە 2-1 لە بەرژەوەندیی خۆی تەواو بکات و بگاتە قۆناخی هەشتی رکابەرییەکە.
 
ئەمڕۆ کاژێر 15:53 لە قۆناخی هەشتی رکابەرییەکانی یاریی تایکواندۆدا لە کێشی 49 کیلۆگرامیدا دونیا عەلی موتەڵیبی سعودی بەرامبەر پانیپاک وۆنگپاتاناکیتی تایلەندی یاریی دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی بلیتێکی قۆناخی هەشتی یارییەکە.
 
بردنەوەی یاریزانە سعودییەکە لە رکابەرە ئیسرائیلییەکە کاردوانەی زۆری دروستکرد، لەکاتێکدا ئاڤیشاگ لە ئۆڵیمپیادی رابردوودا لە تۆکیۆ پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی لە یارییەکەدا بەدەستهێنابوو.
 
دونیا تەمەنی 27 ساڵە، پێشتر گوتبووی هەمیشە دەمەوێت ئاڵنگاری بکەم، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی کاروانی یارییکردنیدا بەشداری لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا بکات و دەیەوێت لە رکابەریکردن بۆ گەیشتن بە دەستکەوتێکی مێژوویی بەردەوامبێت.

 
سعودیە بە 6 یاریزان لەسەر ئاستی پیاوان و 2 یاریزان لەسەر ئاستی خانمان بەشداریی لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ میدالیایەکی نەبردووەتەوە.