سوپرایزێکی سەرنجڕاکێش.. نەسڕ ئەستێرەیەکی گەورەی ریال مەدریدی بردە ریزەکانی

07-08-2024
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕی سعودی، سوپرایزێکی سەرنجڕاکێشی کرد و سەرکەوتوو بوو لە واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ و بەدەستهێنانی تواناکانی ئەستێرەیەکی کاریگەر لە ریزەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
لەوانەیە ئەمە دووەم گەورەترین و کاریگەرترین گرێبەست بێت کە یانەی نەسڕ سەرکەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی ئەفسانەیەکی ریال مەدرید، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەشی بەدەستهێنا لە بردنی ئەستێرەی پۆرتوگالی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ریزەکانی، ئەگەرچی کریس راستەوخۆ لە یانەی شاهانە نەهاتبوو، بەڵام بە ئەفسانەی ئەو یانەیە ناسراوە و لەگەڵ ئەودا گرنگترین قۆناخەکانی ژیانی پیشەگەری خۆی بەڕێکردووە.
 
یانەی نەسڕ توانی بە نرخێکی گرانبەها گرێبەست لەگەڵ کاتلین سۆزای خانمە یاریزانی بەرازیلیی یانەی ریال مەدرید بکات، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو یاری بۆ تیپی خانمانی یانە سعودییەکە بکات.
 
تیپی خانمانی نەسڕ، پاڵەوانی خولی سعودیە، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا یاری دەکات، و بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵ دەدات رکابەریی پاڵەوانێتی کیشوەری بکات، هەر بۆیە پێویست بوو ئەستێرەیەکی بەقەبارەی سۆزا، بەرگریکاری پێشووی تیپی خانمانی یانەی شاهانە لەخۆبگرێت.
 
ماوەی گرێبەستەکەی سۆزا تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2026 لەگەڵ یانەی نەسڕ درێژە دەکێشێت، واتا بۆ ماوەی دوو وەرز، کە لە کەمپی مەشقەکانی تیپی پیاوان، کە ئێستا لە ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، گرێبەستەکەی واژۆ کردووە، هەروەها لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، ئەفسانەی نەسڕ پێکەوە وێنەی یادگارییان گرت.
 
پاشان کاترین وێنەی خۆی لەگەڵ رۆناڵدۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "من گریام کاتێک ئەو پیاوەم بینی، ئەو نموونەی باڵایە هەموومانە، زۆر سەرسامم بەو، کلینێکسێکی پێدام تاوەکو فرمێسکەکانم بسڕمەوە”.
 
بەڵام گریانەکەی سۆزا بەهۆی رۆناڵدۆوە تاکە سوپرایز نەبوو سەبارەت بە گرێبەستە نوێیەکەی لەگەڵ نەسڕ، چونکە بەگەڕانەوە بۆ رابردوو چەند نهێنی و سوپرایزێک لەبارەی ئەو خانمە یاریزانە ئاشکرابوون، کە لێرەدا بەخێرایی پێداچوونەوەیەکیان بۆ دەکەین:
 

تووندوتیژ
 
سۆزا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی یاریزانێکی زۆر توندوتیژی تۆپی پێیە، ئەمەش شتێکی باشە بۆ کەسێک کە وەک بەرگریکاری ناوەڕاست یاری بکات.
 
بەڵام تۆمەتەکانی سۆزا لەوە قووڵتر بوون، بەهۆی رووداوێکەوە کە لە کاتی بەشداریکردنی لە دێربیی خانمانی مەدرید لە مانگی شوباتی رابردوودا روویدا، لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی خولی ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
سۆزا بە ئاشکرا بۆکسێکی کێشا بە رووخساری شیلا گویخارۆی خانمە یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەبێ ئەوەی ناوبژیوان تەنانەت پێڵوی چاوێکیش ببزوێنێت و فەرمانی دا یارییەکە بەردەوام بێت و رەتیکردەوە لێدانی سزا بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید هەژمار بکرێت، لەو یارییەدا کە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ کۆتاییهات.
 
کارەساتەکە دواتر روویدا کاتێک گویخارۆ بەهۆی پێکانەوە لە چاویدا نەیتوانی یارییەکە دەستپێبکاتەوە، دواتریش روون بووەوە کە تووشی تەقینەوەی خوێنبەرێکی خوێن بووە لە چاویدا، هەروەها مەینێکیش تێیدا کۆبووەتەوە دوای پشکنینەکانی لە نەخۆشخانە.
 
مانۆلۆ کانۆ، راهێنەری خانمانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و خودی گویخارۆ لەو کاتەدا بەئاشکرا هێرشیان کردە سەر ناوبژیوانان، و لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیاوە سزادران.
 
ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە سۆزا لە ژیانی وەرزشیدا وەک یاریزانێکی پیشەگەر تەنیا 12 کارتی زەردی هەیە و هێچ کارتێکی سووری نییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی رووداوەکەی لەگەڵ یاریزانەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید رووداوێکی دەگمەن بووە.
 
ئامارە باشەکان
 
سۆزا لە رووی هونەرییەوە کۆمەڵێک ئاماری باشی لەسەر چەند ئاستێکی جیاواز هەیە. ئەو خانمە لەسەر ئاستی ئەوروپا 158 یاری بۆ یانەکانی بۆردۆ، ئینتەرمیلان و ریال مەدرید ئەنجامداوە و ئەو یانانە لەو یارییانەدا کە سۆزا یاری بۆ کردوون تەنیا 170 گۆڵیان لێکراوە، واتا بە تێکڕایی گۆڵێک و کەمێک زیاتر بۆ هەر یارییەک.
 
ئەو خانمە یاریزانە لە ژیانی وەرزشیدا لە 58 یارییدا گۆڵ لە تیپەکەی نەکراوە کاتێک ئەو وەک بەرگریکار یاری کردبێت.
 

سەرسامە بە کریستیانۆ
 
وێنەی سۆزا لەگەڵ رۆناڵدۆ لە کەمپی نەسڕ راددەی وابەستەیی خانمە ئەستێرە بەرازیلییەکە بە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە نیشان دەدات، کە بووەتە نموونەیەک بۆ سەدان ئەستێرەی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان، پیاوان، خانمان، گەنجان و بەتەمەنەکان.
 
دەرکەوت کە سۆزا بەشێوەیەکی گەورە شوێنپێی رۆناڵدۆ دەکەوێت لە تۆپی پێدا، چونکە تەنیا دوو ساڵ دوای پەیوەندیکردنی ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە بۆ خولی ئیتاڵیا، ئەویش چووەتە ریزەکانی ئینتەرمیلان.
 
پاشان کاتێک بەرەو مانچێستەر یونایتد رۆیشتووە، ئەم خانمە هەنگاوێکی بەرەو ریال مەدرید ناوە، و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ بەردەوام بوو، ئینجا دوای دوو ساڵ لە چوونی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بۆ ریزەکانی یانەی نەسڕ ئەویش بڕیاریدا درێسی یانە سعودییەکە بپۆشێت، و وێنەیەکی لەگەڵ کریس گرت کە هەمیشە ئاواتی بوو ئەو وێنەیە بگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە