ڤیدیۆ؛ لە ئۆڵیمپیاددا چەند ریکۆردێکی نوێ تۆمارکران

 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس بەردەوامن و چەند ریکۆردێکی نوێ تۆمارکران.
 
لە رکابەرییەکانی راکردنی 1500 مەتریدا لەسەر ئاستی پیاوان کۆل هۆکەری ئەمریکی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، 300 مەتر بەر لە گەیشتنی بە خاڵی کۆتایی توانیپێش هەمووان بکەوێت و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
هۆکەر بە 3 خولەک و 27 چرکە و 26 لە بەشی هەزاری چرکە گەیشتە خاڵی کۆتایی و سەرکەوتنی بەرامبەر جۆش کێری بەریتانی و یەکێک لە سەرەکیترین بەربژێرەکانی بردنەوەی رکابەرییەکە بەدەستهێنا و میدالیای زێڕی بردەوە.
 
لە رکابەرییەکانی راکردنی 200 مەتریی خانماندا گابریێلی تۆماسی ئەمریکی بەجیاوازییەکی زۆر پێش رکابەرەکانی کەوت و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
 
تۆماس بە 21 چرکە و 83 لە بەشی هەزاری چرکە گەیشتە خاڵی کۆتایی و پلەی یەکەمی بردەوە.
 
لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا لە راکردنی 3 هەزار مەتری بەربەستدا لەسەر ئاستی خانمان، وینفرێد یاڤی، خانمە راکەری بەحرەینی مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و پلەی یەکەم و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
 
یاڤی مەودای رکابەرییەکەی بە 8 خولەک، 52 چرکە و 76 لە بەشێ هەزاری چرکە تەواوکرد و یەکەم میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیاددا بۆ بەحرەین بردەوە.
 
خانمە بەحرەینییەکە ریکۆردێکی نوێی لە ئۆڵیمپیاددا تۆمارکرد و ئەو ریکۆردەی شکاند کە گولنارا گالکینای رووسی لە 2008 تۆماریکردبوو و بە 8.58.81 خولەک مەودای رکابەرییەکەی تەواوکرد.
 
پلەی دووەم و میدالیای زیو بووە بەشی پێروس چێموتای ئوگەندی و فایس چێرۆتیچی کینیش پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا.
 
وینفرێد یاڤی تەمەنی 24 ساڵە و لە دایکبووی کینیایە، بەڵام بۆ بەحرەین یاری دەکات، لە پاڵەوانێتیی جیهاندا لە بودابێست لە راکردنی 300 مەتریدا میدالیای زێڕی بردەوە، راکەرەکە بەشداریی لە 6 پاڵەوانێتیی ئاسیادا کردووە و لە هەردوو راکردنی 3 هەزار مەتری بەربەست و 1500 مەتریدا 5 میدالیای زێڕ و میدالیایەکی برۆنزی بەدەستهێناوە.