ڤینیسیۆس: دەبێ ئاگامان لە ئێمباپێ بێت

07-08-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا خشتەی یارییەکانی لالیگای 2024-2025 ڤینیسیۆس جونیۆر کیلیان ئێمباپێ، سانجێرمان، ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆ جۆنیۆر، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، باسی لە پێشبینی خۆی بۆ یارییکردن لەپاڵ کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی نوێی یانەکە کردووە، دەڵێ، دەتوانین پێکەوە کاری گەورە بکەین، دەبێ ئاگامان لێی بێت.
 
ئێمباپێ کە هاوینی ئەمساڵ بەفەرمی بووە یاریزانی ریال مەدرید، بڕیارە سبەی پێنجشەممە، لەگەڵ یاریزانانی دیکەی ریال مەدرید، بەشداری لە یەکەم یەکەی مەشقی یانەکەدا بکات، کەسەرجەم یاریزانان تێیدا بەشدار دەبن.
 
ڤینی لەبارەی کیلیانەوە پێشبینیدەکات وەرزێکی 'تاقەتپڕوکێن' تێدەپەڕێنێت و بەئاڵنگاری بۆخۆی ناویبرد.
 
ریال مەدرید پاش گەشتی ئەمریکا، خۆی بۆ یاریی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر ئاتاڵانتای ئیتاڵی ئامادەدەکات کە رۆژی 14ی ئەم مانگە لە وارشۆ بەرێوەدەچێت.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی ریال مەدرید لە لێدوانی بۆ میدیاکان دەڵێ، "کارێکی گەورە و وەرزێکی ناوازە چاوەڕێمان دەکات، هیوادارم کاری مەزن پێکەوە ئەنجام بدەین".
 
لەبارەی ئێمباپێوە، ڤینی زیاتر دەڵێ، "ئێمە دەبێ ئاگامان لە ئێمباپێ بێت، هەموو هەوڵی خۆمان بدەین بۆ ئەوەی بەزووترین کات لەگەڵ کەشەکە و تیپەکەدا بگونجێت. هەموو کات چوونە یانەیەکی نوێ قورسە، بەڵام ئێمە زۆر باش توانیمان مامەڵە لەگەڵ بێلینگهام بکەین کاتێک وەرزی رابردوو هاتە ئێرە و هاوکاری بووین بۆ درەوشانەوە. هیوادارم هەمان شت بەرامبەر کیلیانیش دووبارە بکەینەوە".
 
ڤینی هەروەها قسەی لەبارەی ئیندریکی هاونیشتمانییەوە کردووە کە ئەویش هاوینی ئەمساڵ پاشئەوەی تەمەنی بووە 18 ساڵ، پەیوەندی بەریال مەدریدەوە کرد. ڤینی لەبارەی ئیندریکەوە دەڵێ، "ئەو زۆر بچووکە، بەڵام زۆر وریایە، کاتێک پێویستمان پێی دەبێت، هاوکاریمان دەکات".
 
ڤینی دڵخۆشە بەوەی کە لەگەڵ تیپەکەدا دەستی بەمەشقکردووەتەوە، تینوێتی خۆی بۆ سەرکەوتن دووپاتکردووەتەوە و دەڵێ، "دڵخۆشم بەگەڕانەوە بۆ مەشقکردن، هەمووان دڵخۆشن و بەجۆشن بۆ وەرزی نوێ. ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئیدی هەموو سەرنجمان بخەینە سەر یەکەم یاریی و باش خۆمانی بۆ ئامادە بکەین".
 
ئەو لەبارەی خۆیەوە دەڵێ، "زۆر مەشقدەکەم تاوەکو بگەمەوە ئەو ئاستەی کە وەرزی رابردوو هەمبوو، هەروەها بۆ ئەوەی بەخێراترین کات ئاستی خۆم بەدەستبهێنمەوە، چونکە کاتی زۆرمان لەبەردەستدا نییە".
 
ڤینیسیۆس دەڵێ، دەمەوێ ئەم وەرزە لە وەرزی رابردوو زیاتر نازناو ببەمەوە، هەروەها گۆڵی زیاتر تۆمار بکەم و ئەسیستی زیاترم هەبێت، هەروەها بەردەوام بم لە گەشەکردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە