بۆچی بارسا یاریزانی چەقی نییە

رووداو دیجیتاڵ


یانەی بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا هیچ یاریزانێکی چەقی نییە، بەڵام پلانی کڕینی هەیە.


چەق، ئەو شوێنەی کە سێرجیۆ بۆسکێتس، چەندین ساڵ بۆ بارسای پڕکردبووەوە و وای لەو یانەیە کردبوو کە هەرگیز خەمی لێ نەخۆن، ئێستا ئەو شوێنە چۆڵ بووە.
یانەی بارسێلۆنا سەرەڕای هەبوونی هێڵێکی ناوەڕاستی زۆر تۆکمە، هیچ یاریزانێکی چەقی راستەقینە لە پێکهاتەکەیدا  نییە.


گاڤی، پێدری، دی یۆنگ، فیرمین لۆپێز، گوندوگان و پاولۆ تۆرێ، هیچ کامێکیان بە چەقی راستەقینە دانانرێن، بەڵکو زیاتر وەک دروستکەری یاری و لە پێش چەقدا دەبینرێن.


چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی یانەکە، بە بوونی ئۆریۆل رۆمیۆ و گۆڕینی شوێنی یاریکردنی کریستینسن لە دڵی بەرگرییەوە بۆ چەق ویستی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی مێرکاتۆدا رۆمیۆ ریزەکانی یانەکەی جێهێشت و بە پێی پلانەکانی هانزی فلیک بێت، یاری بە کریستینسن ناکات لەو شوێنەدا


فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا، چاوی لە جۆشوا کیمیچە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی ناوەڕاستی یاریگا و پلانەکانی خۆی لەگەڵ بەڕێوبەری وەرزشی یانەکە، دیکۆ، تاوتوێ کردووە، بەڵام ئەو رایەکی جیاوازی هەبووە
دیکۆ چاوی لە مارتین زوبیمێندی، ناوەڕاستکاری ریال سۆسیدادە بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنە.


هەردوو یاریزان توانای یاریکردنیان وەکو چەقێکی راستەقینە هەیە، بەڵام ئەوە گرنگە کە بارسا توانای کڕینیانی هەبێت بە تایبەت دوای ئەوەی میدیاکان دەریانخست کە ناوی هەردوو یاریزان لەگەڵ یانە بەهێزەکانی ئەوروپا بەستراوەتەوە.