ڤیدیۆ؛ لە راکردنی 3 هەزار مەترییەوە بۆ شوو کردن

07-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئالیسێ فینۆت ئۆڵیمپیادی پاریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی سەرنجڕاکێشی ئۆڵیمپیادی پاریسدا، خانمە راکەرێکی فەرەنسی دوای بەشداریکردنی لە راکردنی 3 هەزار مەتریدا داوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە خۆشەویستەکەی دەکات.
 
ئالیسێ فینۆت، خانمە راکەری فەرەنسی بەشداریی لە رکابەرییەکانی راکردنی 3 هەزار مەتریی بەربەستدا کرد، لەگەڵ ئەوەی هیچ میدالیایەکی نەبردەوە، بەڵام ریکۆردێکی نوێی لەسەر ئاستی ئەوروپا تۆمارکرد و بووە یەکەم خانمە راکەری ئەو کیشوەرە بە 8 خولەک و 58 چرکە و 67 لە بەشی هەزاری چرکە مەودای رکابەرییەکە تەواو بکات.
 
فینۆت لە رکابەرییەکەدا پلەی چوارەمی بەدەستهێنا، دوای ئەوە سەرنجی هەمووان بۆ خۆی راکێشا، کاتێک چووە بەردەم برونۆ مارتینێز خۆشەویستی و کەوتە سەر ئەژنۆ و داوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لێکرد.
 
هەردووکیان بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە باوەشیان بەیەکدیدا کرد و ئەڵقەیان گۆڕییەوە، هاندەران لەنێو یاریگەدا هاواریان کرد و چەپڵەیان بۆ فینۆت لێدا.
 
فینۆت لەبارەی پێشکێشکردنی داواکاریی چوونە نێو ژیانی هاوژینی لەگەڵ مارتینێز گوتی "کاتێک لەنێو رکابەرییەکەدابووم بە خۆمم دەگوت، ئەگەر بە کەمتر لە 9 خولەک بگەمە خاڵی کۆتایی ئەوە دەکەم، 9 ژمارەی بەختی منە و ئێمە 9 ساڵە بەیەکەوەین بۆیە ئەو پێشنیازەم پێشکێشکرد."
 
راکەرە فەرەنسییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "من حەزم لەوە نییە وەکو هەمووان کاربکەم، بەو پێیەی ئەو نەیکردبوو، بە خۆمم دەگوت رەنگە ئەمە کاری من بێت کە بیکەم."

 
داواکاریی ئالیس فینۆت بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، یەکەم رووداو نییە لە ئۆڵیمپیادی پاریس، لەکاتێکدا چەند رۆژێک لەمەوبەر رووداوێکی هاوشێوە لەنێوان هەردوو یاریزانی یاریی بادمینتۆنی چیندا هوانگ یا کیۆنگ و لیو یوچن روویدا و هەردووکیان ئەڵقەیان بۆ چوونە نێو ژیانی هاوژینی گۆڕییەوە.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە