ڤیدیۆ؛ ئەو بۆکسێنەرەی زۆرترین هەرای نایەوە گەیشتە یاری کۆتایی ئۆڵیمپیاد

07-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئیمان خلیف
ئیمان خلیف
نیشانەکردن ئیمان خلیف ئۆڵیمپیادی پاریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو خانمە بۆکسێنەرەی لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا هەرای نایەوە، لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و گەیشتە یاریی کۆتایی و دەیەوێت میدالیای زێڕ بباتەوە.
 
لە رکابەرییەکانی یاریی کیک بۆکسینگدا، لەسەر ئاستی خانمان و لە کێشی 66 کیلۆگرامدا، ئیمان خلیفی جەزائیری سەرکەوتنێکی ئاسانی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی رکابەرییەکە.
 
ئیمان لە قۆناخی پێشکێشکۆتاییدا بەرامبەر جێنجێم سوانافێنگی تایلەندی یارییکرد و 15 هەزار هاندەر چوونەتە یاریگە بۆ ئەوەی پاڵپشتی بۆکسێنەرە جەزائیرییەکە بکەن.
 
خلیف لە یارییەکەدا بەهێزێکی زۆرەوە دەرکەوت و توانیی بە 5-0 یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلابکاتەوە و گەیشتە یاری کۆتایی رکابەرییەکە.
 
رۆژی هەینی کاژێر 23:51 ئیمان خلیفی جەزائیری بەرامبەر یانگ لیوی چینی یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی میدالیای زێڕی رکابەرییەکە.
 
ئیمان خلیف ناوێکی نەناسراو بوو، تاوەکو ئەو کاتەی لە قۆناخی 16ـی ئۆڵیمپیاددا رووبەڕووی ئانجێلا کارینی ئیتاڵی بووەوە.
 
بۆکسێنەرە ئیتاڵییەکە دوای تەنیا 46 چرکە لە هاتنە ناوەوەی بۆ نێو یاریگە بڕیارییدا خۆی بەرامبەر ئیمان خلیف بکشێنێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە ئەو پێی وایە ئیمان خلیف پیاوە نەک خانم.

 
ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی دونیا دروستکرد، قسەی جیاوازی لەبارەوە کرا، بەڵام هێزێکی زیاتری دایە بۆکسێنەرە جەزائیرییەکە و دڵی هەزاران هاندەریشی لەسەر ئاستی جیهان بەلای خۆیدا راکێشا و پاڵپشتییەکی بەهێزی دەکرێت.
 
ئیمان خلیف لەبارەی ئەو هەرایەی دوای یارییەکەی بەرامبەر ئانجێلا کارینی دروستبوو دەڵێت "ئەو خانمە ئیتاڵییە چەند ساڵێکە دەمناسێت.. ساڵانێکە دەچمە ئیتاڵیا و لە شاری ئاسیسی لە هۆڵی ئاسیسی مەشق دەکەم. زۆربەی راهێنەرانی ئیتاڵیا دەمناسن کە هەر لە منداڵییەوە یاریم بۆ هەڵبژاردەکانی نیشتیمانی دەکرد. بەدیاریکراوی ئەو خانمە بۆکسێنەرە باش دەمناسێت و پێکەوە لە ئاسیسی مەشقمان کردووە، ئەوان ئەو هەڵمەتەی راگەیاندنیان قۆستەوە لەدژی من، بەڵام پشتیوان بەخوا ئێمە خۆمان بەدەستەوە نادەین."


ئیمان خلیف تەمەنی 25 ساڵە، یەکەمجارە بەشداری لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا دەکات، پێشتر لە 2022 لە پاڵەوانێتی جیهاندا پلەی دووەم و میدالیای زیوی بەدەستهێناوە، لە هەمان ساڵدا میدالیای زێڕی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەفریقا بردەوە  و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش ساڵی رابردوو پلەی یەکەم و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە