چاوەڕواننەکراو.. نەیمار دەیەوێت لە پاریس سانجێرمان بڕوات

07-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نەیمار داسیلڤا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی داوا لە یانەی پاریس سانجێرمان دەکات رێگەی بدەن لە یانەکە بڕوات.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "نەیمار داسیلڤا بە ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی راگەیاندووە، کە دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا لە یانەکە بڕوات."
 
گرێبەستی ئەستێرە بەرازیلییەکە لە پاریس سانجێرمان، لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، بەڵام یاریزانەکە نایەوێت تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە خولی فەرەنسا بمێنێتەوە.
 
پاریس سانجێرمان لە بارودۆخێکی خراپ و ئاڵۆزدایە، بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا نەیتوانیووە کیلیان ئێمباپێ رازی بکات لەم هاوینەدا لە یانەکە بڕوات، ئەم داواکارییەی نەیماریش بارودۆخی یانەکە زیاتر تێکدەدات.
 
داواکاریی نەیمار بۆ بەجێهێشتنی یانە فەرەنسییەکە لەکاتێکدایە، لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا ناوی یاریزانەکە بە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەستراوەتەوە، گوایە یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت نەیمار بگەڕێنێتەوە یانەکەی بۆ ئەوەی قەرەبووی رۆیشتنی عوسمان دێمبێلی بکات، کە یاریزانە فەرەنسییەکە نزیکە بچێتە پاریس سانجێرمان.
 
نەیمار لە هاوینی ساڵی 2017 لە یانەی بارسێلۆناوە بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ، کە ئەو کاتە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بوو پەیوەندیی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد و تاوەکو ئێستا گرنگترین گرێبەستی مێژووی تۆپی پێیە کە واژۆکرابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە