ڤیدیۆ؛ مۆرینیۆ لە رێگەی ئەکادیمیای مەهدەوە پەرە بە وەرزشی سعودیە دەدات

رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژە گەورەکەی سعودیە بۆ پەرەپێدانی وەرزش بە گشتی و تۆپی پێ بەتایبەتی، تەنیا بریتی نییە لە هێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی خاوەنی 5 باڵۆن دۆر و کەریم بنزیمای کاپتنی پێشووی ریال مەدرید و چەندین ئەستێرەی دیکەی گەورە یانەکانی ئەوروپا، بەڵکو بناخەی ئەو پڕۆژەیە کردنەوەی ئەکادیمیایەکی گەورەی وەزشە بۆ پێگەیاندن و پەرەپێدانی بەهرە وەرزشییەکانی ئەو وڵاتە لە هەموو وەرزشەکان.
 
ئەکادیمیای مەهدی وەرزشی، بیرۆکەی سعودییەکانە بۆ پێشخستنی وەرزش لەو وڵاتە گەورەیەی رۆژهەڵاتی ناڤین، کە لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە سەنگ و کاریگەرییەکی گەورەی ناوچەیی و جیهانی هەیە.
 
ئەکادیمیای وەرزشیی مەهد لە 15ـی حوزەیرانی 2021، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی سعودیە دامەزراوە.
 
ئامانجی ئەکادیمیاکە پێگەیاندن و پەرەپێدانی بەهرە وەرزشییەکانە لە ناوچە جیاجیاکانی سعودیە لە یارییە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکان، ئەمە جگە لە هەناردەکردنی زانیاری و میتۆدۆلۆژیای تەکنیکی بۆ تیپە تەمەن جیاوازەکان، کە لە تەمەنی 6 ساڵییەوە دەستپێدەکات و ئامانج لێی دروستکردنی نەوەیەکی وەرزشوانی بەتوانایە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی.
 
سعودییەکان ئەو راستییە دەزانن کە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بێجگە لەوەی بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت، سەرەتا پێویستی بەوەیە دید و روانگەی خەڵکی سعودی بۆ وەرزش بگۆڕن و وایانلێبکەن بە بایەخەوە بڕواننە وەرزش و تۆپی پێ، کە بە هێنانی رۆناڵدۆ و یاریزانە گەورەکان بەردی بناخەی بونیاتنانی ئەو دیدگایەیان داناوە.
 
خاڵێکی دیکەی گرنگ بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژە و بیرۆکەیە، ئەوەیە کە دەبێت بەڕێوەبردنی ئاکادیمیای مەهد بە کەسی پسپۆر، شارەزا و بەنێوبانگی جیهانی راسپێرن، بۆیە لە یەکەم هەنگاودا پەنایان بردووەتە بەر راهێەنرێکی بەنێوبانگی وەک جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی.
 
دوای ئەوەی شازادەی جێنشینی سعودیە، شازادە محەممەد بن سەلمان، رەزامەندی خۆی نیشاندا بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ئەکادیمیای وەرزشی مەهد، بڕیاردرا جۆزێ مۆرینیۆ یەکێک بێت لە ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە.
 
هەردوو وەزارەتی فێربوون و دارایی له سعوودیه ئەو دوو دەزگایە دەبن، کە که نوێنەری حکومەت دەبن لەو ئەنجوومەنەدا، جگه له دانانی ریما بنت بەندەر بن سوڵتان، عەبدولعەزیز ئەحمەد، مها بنت ئەحمەد ئەلجفالی، جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری  یانەی رۆمای ئیتاڵی و ئیوان لوپێسکۆی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی رۆمانیا، وەک ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی ئەکادیمیاکە بۆ ماوەی 3 ساڵ.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەکادیمیای مەهد لە ماوەی جەند ساڵی داهاتوودا. وەک گەورە ئەکادیمیا وەرزشییەکانی جیهان، گۆڕانێکی گەورە بەسەر وەرزشی سعودیەدا بێنێت و ئیدی تیپ و وەرزشوانانی ئەو وڵاتەش لە بۆنە و پاڵەوانێتییە جیهانییەکاندا زۆر نازناوی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ ببەنەوە.