چاڤی: سوورین لەسەر دڵخۆشکردنی هاندەرانی بارسێلۆنا

07-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز دانی ئەلڤێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، رایگەیاند ئەم وەرزە دەیانەوێت نازناوەکان ببەنەوە، گوتیشی "یانەی پوماس ركابەرێكی بەهێزە، یاریزانی زۆر باشی هەیە و راهێنەرێكی نایابی هەیە".
 
ئەمشەو لە جامی خوان گامپێردا، کە کاژێر 21:00 بە کاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی کامپ نو بەڕێوەدەچێت، بارسێلۆنا میوناداری یانەی پوماسی مەکسیکی دەکات.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ەبر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا سەبارەت بە تیپەکەی گوتی "هەستێکی زۆر باشمان هەیە، دوێنێ پێشکەشکردنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیمان بینی، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی دڵخۆشکردنی هاندەرانمان دەکەین".
 
ئەو هەروەها گوتیشی "ئامانجمان لەم وەرزەدا بردنەوەی نازناوەکان و پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرزە لە تۆپی پێدا، دەمانەوێت کەشێکی باش دروست بکەین، چونکە هاندەرانمان شایەنی ئەوەن".
 
راهێنەری بارسا سەبارەت بە رکابەرەکەشیان لەم یارییەدا، گوتی "یانەی پوماس ركابەرێكی بەهێزەو و ریتمێكی زۆر باشی هەیە، لە ناوەڕاستی وەرزدا لە وڵاتەكەی یاری دەكات، یاریزانی زۆر باشی هەیە و راهێنەرێكی نایابی هەیە، زێدەباری دانی ئەلڤێش کۆمەڵێک یاریزانی زۆر باشی هەیە، تایبەتمەندی و مەترسی ئەو لە هێرشی هەڵگەڕاوەدایە، کە بە سێ هێرشبەر یاری دەکات و تیپێکی مەترسیدارە، رکابەرێکی زەحمەت و بەهێز دەبێت".
 
چاڤی لە بەشێکی قسەکانیدا، سەبارەت بە دانی ئەلڤێشی یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا، کە ئێستا بۆ یانەی پوماسی مەکسیکی یاری دەکات، قسەی کرد و گوتی "دەمانەوێت لەم یارییەدا ماڵئاوایی لە دانی ئەلڤێش بکەین، ئەو نموونەیەک بوو بۆ هەموومان، وەرزی رابردوو زۆر یارمەتی داین، لەو چوار پێنج مانگەی لەگەڵمان بوو، ئەو شایەنی ئەوەیە".
 
هێرناندێز زیاتر لەبارەی ئەلڤێشەوە گوتی "کاتێک بانگم کرد بۆ ئەوەی پێیبڵێم دەبێت تیپەکە جێبهێڵێت، پێمگوت تۆ شایەنی ماڵئاواییکردنێکی جوانی، هەروەها بە سەرۆک خوان لاپۆرتاشم گوت کە ئەلڤێش شایەنی ئەو شەرەفەیە و پێویستە هاندەران دەرفەتیان هەبێت ئەو کارە بکەن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە