سەرەڕای تووشبوونیان بە کۆرۆنا، بەڵام هەڵبژاردەی سووریا ئامادەن بێنە هەولێر


رووداو – هەولێر 

سەرەرای ئەوەی چەند یاریزانێکیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵام هەڵبژاردەی سووریا ئامادەن بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی دۆستانە بێنە شاری هەولێر.

یەکێتیی تۆپی پێی سوریا بە نوسراوێکی فەرمی وەڵامی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی دایەوە، تێیدا هاتووە رازیبوون بە ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە ناو یاریگەی فرانسۆ هەریری لە رۆژی 8ی مانگی داهاتوو.

ئەمە لە کاتێکدایە دوای ئەوەی پشکنین بۆ یاریزانانانی هەڵبژاردەی سوریا کرا، ژمارەیەک یاریزانی هەڵبژاردەکە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، هەر بۆیە دڵراوکێیەکی زۆری بۆ هەڵبژاردەکە دروستکردووە.

شامل کامل، جێگری سەرۆکی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند " ئێمە تەواوی ئامادەکارییەکان دەکەین بەپێی رێنماییەکانی شانەی قەیرانەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ برایانمان لە پارێزگای هەولێر، هەموو لایەنێکی سەلامەتی پشکنینی کۆرۆنا بۆ شاندی سوریا دەکرێت". 

کامل ئاماژەی بەوەشکرد، داوای تیمی فریاگوزاری و تەندروستی دەکەین بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ شاندەکە بێت بۆ ئەوەی یارییەکە بەشێوەیەکی سەلامەت ئەنجام بدرێت بەپێی رێنماییە تەندروستیەکان. 

بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە هەڵبژاردەی عێراق کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاریی لە شاری هەولێر بکاتەوە، لە مانگی سێپتێمبەردا یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی عومان و هەڵبژاردەی سوریا ئەنجامدەدات وەک ئامادەکاریی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی قەتەر 2022.