ناوبژیوانی جامی سوپەری ئیسپانیا ئاشکراکرا


رووداو - هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ناوی ناوبژیوانی یاریی جامی سوپەری ئیسپانیای لەنێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و سێڤییا ئاشکراکرد.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی رایگەیاندووە، فیدراسیۆنەکە بڕیارییداوە کارلۆس دێل سێرۆ گراندی ناوبژیوانی ئەو یارییە بێت کە لە شاری تەنجە لە مەغریب بەڕێوەدەچێت.

کارلۆس دێل سێر لە ساڵی 2011 دەستی بە کاری ناوبژیوانی کردووە و لە 2013 بووەتە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی.

گراندی 137 یاریی لە لالیگا بەڕێوەبردووە، 4 یاریی یۆرۆپالیگی بەڕێوەبردووە، وەرزی رابردووش لە خولی سعودییە یاریی نێوان هیلال و باتنی بەڕێوەبردووە.

ناوبژیوانەکە تاوەکو ئێستا تەنیا یەک یاریی کۆتایی بەڕێوەبردووە، ئەویش لەنێوان بارسێلۆنا و سێڤییا بووە لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیای 2016 کە بارسا لە مەدرید 2-0 یارییەکەی بردەوە.

بۆ یەکەمجار یاریی جامی سوپەری ئیسپانیا بەیەک یاریی ئەنجامدەدرێت و بۆ جاری یەکەمیش لە دەرەوەی ئیسپانیا یارییەکە دەکرێت.