خامێس رۆدریگێز کۆڵۆمبیای گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی کۆپا ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ

لە بەرەبەیانی ئەمرۆدا، خامیس رۆدریگێز سەرکردایەتی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیای کرد بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی کۆپا ئەمریکا، دوای سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی پەنەما بە 5 گۆڵی بێبەرامبەر.
 
لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا، کۆڵۆمبیا رووبەڕووی پەنەما بووەوە و بەئاسانی و بە ئەنجامێکی گەورە 5-0 لێیبردەوە و بلیتێکی چوارگۆشەی زێڕینی مسۆگەرکرد، کە لەوێ رووبەڕووی ئۆروگوای دەبێتەو و یارییەکە لە 11ـی ئەم مانگە لەسەر یاریگای بانکی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
 
هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا دوای سەرنەکەوتنی بۆ مۆندیالی قەتەر، نێستۆر لۆرێنزۆی ئەرجەنتینی دەستنیشانکرد وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە و لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە تاوەکو ئێستا سەرپەرشتی 24 یاری هەڵبژاردەکەی کردووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە. خاوەنی 18 سەرکەوتن و 6 یەکسانبوونە.
 
خامێس رۆدریگز، یاریزانی پێشووی یانەی ریال مەدرید، لەو یارییەدا درەوشایەوە و گۆڵێک و 2 ئەسیستی بۆ هەڵبژاردەکەی کرد، و بە باشترین یاریزانی یارییەکەش دیاری کرا.
 
خامێس هەرچەندە لەگەڵ یانەی ساوپاولۆی بەرازیلی خۆری بەرەو ئاوابوون دەچێت. بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردەکەی رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت و بەشداری کردووە لە 6 گۆڵی هەڵبژاردەکەی لە کۆپا ئەمریکادا.