بارسێلۆنا و ریال مەدرید دوو ئەستێرەی گرنگیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

 

یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی ریال مەدرید لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆپا ئەمریکای 2024 تووشی پێکانێکی قورس بوو. هەروەها بارسێلۆناش یەکێک لە باشترین ئەستێرەکانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، رۆدریگۆ گۆسی یاریزانی بەرازیلی، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دوای ئەوەی لەلایەن ناهیتان ناندێزی یاریزانی ئۆرۆگوای،  توندوتیژیی بەرامبەر کرا، کە دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، ناوبژیوان بە کارتی سوور دەریکرد، ناچار بووە داوای گۆڕانکاری بکات.
 
رۆدریگۆ داوای لە راهێنەرەکەی کرد لە یاریگا بیباتە دەرەوە، چونکە بەرگەی ئازارەکەی نەدەگرت.
 
رۆدریگۆ لەسەر کورسی یەدەگەوە بە سەهۆڵێکەوە لەسەر پاژنەی پێیەوە سەیری لێدانەکانی یەکلاکەرەوەی دەکرد.
 
ئەو ئەستێرەیەی ریال مەدرید، بۆ ئەنجامدانی پشکنینی سەرەتایی چووە ژووری جلگۆڕین و دەرکەوت کە زۆر بێزار و بێهیوا بووە لە دۆڕانی هەڵبژاردەی بەرازیل.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی نیگەرانییەکانی لەسەر رۆدریگۆ دروستکردووە ئەوەیە کە زۆر بە بێتاقەتی یاریگەی بەجێهێشتووە و بەزەحمەت رۆیشتووە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، گومان هەیە لە ئەگەری پەیوەندیکردنی رۆدریگۆ بە وەرزی ئامادەکارییەکانی ریال مەدرید.
 
هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای لە قۆناخی هەشتی کۆپا ئەمریکای 2024 بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە 4-2 لە بەرازیلی بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەونێتییەکە.
 
لە لایەکی دیکەوە، بارسێلۆناش هەر بەهۆی ئەو یارییەوە ئەستێرەیەکی کاریگەری لەدەستدا، کە رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکارە ئۆرۆگواییە.
 
دەستنیشانکردنی سەرەتایی پێکانەکەی رۆناڵد ئاراوخۆ نیگەرانی لای یانە کەتەلۆنییەکەی سەبارەت بە وەرزی نوێ دروستکردووە.
 
رۆناڵد ئاراوخۆ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی ئۆرۆگوای و بەرازیل، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی کۆپا ئەمریکا، تووشی پێکانێکی قورس بوو.
 
بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە هەوڵیدا تۆپێک لە ئارانای یاریزانی بەرازیلی ببچڕێنێت، بەڵام لە کاتی درێژکردنەوەی قاچی راستیدا تووشی پێکانێک بوو.
 
ئاراوخۆ کەوتە سەر زەوی و دەستەکانی خستە سەر رووخساری، هاوڕێکانی و رکابەرەکانی بەخێرایی لێی نزیکبوونەوە و دەستبەجێ بانگهێشتی تیمی پزیشکییان کرد.
 
ئاراوخۆ بە گریانەوە یاریگای بەجێهێشت، و خۆسێ ماریا خیمێنیز هاتە شوێنی.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، هەواڵە سەرەتاییەکان کە لە ئۆرۆگوایەوە هاتوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاراوخۆ تووشی پچڕانی ماسوولکەکانی پشتی رانی راستی بووە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدڵنیاییەوە ئاراوخۆ تاوەکو کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەشداری یارییەکانی ئۆرۆگوای ناکاتەوە، هەروەها ئەگەری هەیە لە سەرەتای وەرزی نوێدا لەگەڵ بارسێلۆنا بەشداری نەکات.
 
مارسێلۆ بیلسا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای دوای یارییەکە رایگەیاند، پێموایە پێکانێکی ماسوولکەییە، بەڵام پشکنینە پزیشکییەکان جۆر و قەبارەی پێکانەکە ئاشکرا دەکەن.