هیلالی سعودی ئەرکی بارسێلۆنا لە گواستنەوەی بێرناردۆ قورستر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بێرناردۆ سیلڤای پۆرتوگالی، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر دەستەوارەکەی یانەی هیلالی سعودی بکات.
 
تۆڕی هەواڵی ESPN لە سەرچاوەکانی خۆیەوە رایگەیاندووە کە ئەو دەستەوارەیەی سیلڤا لە هیلالەوە بۆی هاتووە زیاترە لە سێ هێندەی ئەو پارەیەیە کە ئێستا ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بەدەستی دەهێنێت لەگەڵ مانچستەر سیتی.
 
بێرناردۆ ئێستا هەفتانە 150 هەزار پاوەندی پێدەدرێت، هاوکات بەهای دەستەوارەکەی هیلال 500 هەزار پاوەندە بۆ هەر مانگێک، واتا ئەو پارەیەی هیلال دەیداتە بێرناردۆ سیلڤا بریتییە لە 30 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا. 
 
تۆڕەکە دووپاتیکردەوە کە سیلڤا دەیەوێت ئاڵنگارییەکی نوێ تاقیبکاتەوە دوای 6 ساڵ یانەی مانچێستەر سیتی جێبهێڵێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، یانە ئینگلیزییەکە رێگە لەو یاریزانە ناگرێت ئەگەر بییەوێ بچێتە خولی سعودیە. 
 
سیلڤا کە پێی باشترە لە ئەوروپا بمێنێتەوە، رەتینەکردەوە بچێتە لای روبێن نێڤێشی هاوڕێی و خالیدۆ کۆلیبالی لە ریزەکانی یانەی هیلال.
 
بێرناردۆ ئامانجی یەکەمی پەیوەندیکردنە بە ریزەکانی بارسێلۆنای ئیسپانییەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە گرێبەستەکەی بێرناردۆ لەگەڵ سیتی دوو ساڵی ماوە، یانە ئینگلیزییەکە داوای پارەیەکی زۆر بەرز دەکات بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەستێرەکەی بێت.
 
بارسێلۆنا لەم کاتەدا بەهیچ شێوەیەک توانای گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤای نییە و ناتوانێت بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ بداتە سیتی بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمە نابێتە بەربەست لەبەردەم هیلال و ئامادەیە ئەو کارە بکات.