کەمتر لە 24 کاژێر لەبەردەم بارسێلۆنادایە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ڤیتۆر رۆکی


رووداو دیجیتاڵ 

کارگێڕيی یانەی بارسێلۆنا خۆی لە دووڕیانێکی سەختدا دەبێنیتەوە، دوای ئەوەی یانەی ئاتلیتیکۆ پاراناینسی بەرازیلی دوایین هۆشدارییان پێدان سەبارەت بە گرێبەستکردن لەگەڵ ڤیتۆر رۆکی.
 
راپۆرتە ڕۆژنامەڤانییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە بارسا لەگەڵ یانەی ئاتلێتیکۆ پاراناینسی بەرازیلی رێککەوتووە بۆ ئەوەی رۆکیی تەمەن ١٨ ساڵ بگوازێتەوە.
 
سەرەڕای ئەم رێککەوتنە، کەچی یانە بەرازیلییەکە لە دوایین پەیامیاندا بۆ بەرپرسانی بارسا، ئەو یانەیەیان تووشی شۆک و دڵەڕاکەو کرد، چونکە دەڵێن دەبێت لە ماوەی 24 کاژێردا گرێبەستی ڤیتۆر رۆکی یەکلابکەنەوە، ئەگەر نا یانەی دیکە هەن ئەم کارە بکەن. 
 
یانەی ئاتلێتیکۆ پاراناینسی بەرازیلی هەستیان بەوەکردووە کە بارسێلۆنا خاوەخاو لە گرێبەستەکە دەکەن و تاوەکو ئێستا بەڵگەنامەی فەرمییان نەناردووە تاوەکو گرێبەستەکە واژۆبکەن، ئەمەش بێزاری و نائومێدییان لەلای یانە بەرازیلییەکە دروستکردووە.
 
بەرپرسانی پاراناینسی وادەی 24 کاژێریان بۆ بارسا داناوە بۆ ناردنی سەرجەم گرێبەست و بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەو گرێبەستەی کە واژۆ دەکرێت، بەپێچەوانەوە رێککەوتنی نێوان هەردوولا هەڵدەوەشێتەوە.
 
ئەگەری هەیە پاراناینسی سوود لەم بابەتە وەربگرێت و نرخی یاریزانەکە زیاتر بکات، چونکە یانەی دیکەی وەک پاریس سانجێرمان و تۆتنهام لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەی ڤیتۆر رۆکی.
 
جێگای سەرنجە کە بارسێلۆنا لە کێبڕکێی گواستنەوەی بەهرەمەندی تورکیا ئاردا گولەر شکستیهێنا و بە فەرمی رووی لە یانەی ریال مەدرید کرد، بۆیە ئێستا ترس لە دڵی هاندەرانی بارسا هەیە کە ئەم گرێبەستەش شکست بهێنێت. 
 
ڤیتۆر رۆکی، هێرشبەری بەرازیلی لە یانەی ئاتلێتیکۆ پاراناینسی بەرازیلی یاری دەکات، تەمەنی 18 ساڵە و یەکێکە لە بەهرەمەندترین یاریزانەکانی خولی بەرازیلی.