سەرۆکی بەرازیل رەخنەی تووند لە دیارکردنی ئەنچیلۆتی وەک راهێنەری سیلیساو دەگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل رەخنەی لە دیارکردنی کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی، بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل گرت.
 
لولا لەبارەی ئەو هەواڵەی کە راهێنەری ئێستای یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە ساڵی داهاتوودا بۆ پاڵەوانێتیی کۆپا ئەمریکا دەبێتە راهێنەری "سیلیساو" قسەی کرد و باسی ئەو بابەتەی کرد. 
 
سەرەڕای قسە تووندەکانی دژی راهێنەرە ئیتاڵییەکە، لولا دانی بەوەدانا کە زۆر دڵخۆشتر دەبوو ئەگەر ئەنچیلۆتی پۆستی راهێنەرایەتیی یانەی کۆرینتیانیسی بگرتایەتە ئەستۆ، چونکە سەرۆکی بەرازیل لە منداڵییەوە هاندەری ئەو یانەیەیە و بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی دواییدا ئاستی خراپ پێشکێش دەکەن و ئەمساڵیش یەکێك بوو لەو حەوت یانە بەرازیلییەی کە لە جامی لیبەرتادۆرێسدا بەشدارییان کرد و لە قۆناخی کۆمەڵەکان کرایە دەرەوە.
 
هەروەها یانەکە لە پلەی شانزەی خولی بەرازیلدایە و بە پلەیەک لە سەرووی ناوچەی دابەزینەوەیە.
 
لولا داسیلڤا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بەشداری کرد، پێشکێشکارەکە پرسیاری بابەتی ئەنچیلۆتی لێکرد و بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: من کارلۆ ئەنچیلۆتیم خۆشدەوێت. بەڵام لێرەدا شتەکە ئەوەیە ئەو هەرگیز راهێنەری ئیتاڵیا نەبووە. پێموایە ئەگەر بڕیارە کێشەکانی بەرازیل چارەسەر بکات، بۆچی بانگەوازی بۆ نەکرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیتاڵیا، کە تەنانەت ئامادە نەبوون ئەو کارە بکەن؟ تەنانەت لە دوایین مۆندیالیشدا.
 
پێشکێشکارەکە پرسیارێکی دیکەی کرد و بە سەرۆکی بەرازیلی گوت "بەڵام ئایا ریال مەدرید وەک هەڵبژاردە نیشتمانییەکان نییە؟"
 
سەرۆکی بەرازیل وەڵامی دایەوە و دەڵێت: پێموایە ئاسانە تیپێک لە ئەوروپا بەڕێوەببەیت کە ١١ یاریزانی تێدابێت و هەموویان شایستەی ئەوەبن لە هەڵبژاردەکانیان یاری بکەن و لەگەڵ ئەواندا ئاساییە کە بتوانێت سەرکەوتوو بێت، لێرە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرینتیانز قورسە... حەز دەکەم بزانم ئەنچیلۆتی دەتوانێت کۆرینتیانز چاک بکاتەوە یان نا (بەپێکەنینەوە". )... بەڕاستی کۆرنتیەکانم خراپ بوون.."
 
ئەنچیلۆتی بە ئاشکرا هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیلی بەر لە دوو رۆژ رایگەیاند کە لە ساڵی داهاتوو ئەنچیلۆتی وەک راهێنەری بەرازیل دەستبەکار دەبێت و سەرپەرشتیی مەشقەکانی سیسلیساو دەکات لە جامی ئەمریکای 2024.