سەرۆکی بارسێلۆنا بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک باسی رۆناڵدۆ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، جارێکی دیکە رووبەڕووی پرسیاری گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرا و ئەویش دەڵێت " زۆربەی یاریزانەکان دەیانەوێت پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکەن."

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە لە رێورەسمی ناساندنی ئاندریاس کریستێنسندا پرسیاری لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی رۆناڵدۆ لێکرا، ئەویش لە وەڵامدا گوتی " ئێمە دڵخۆشین بەوەی کە زۆربەی یاریزانەکان دەیانەوێت بێنە بارسێلۆنا، دەمەوێت بڵێم هەمووان کە ئەم ئەگەر دەبینن دڵخۆش دەبن، رەنگە هەندێکیان نەیەن، بەڵام زۆرینەی یاریزانەکان دەیانەوێت پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکەن، ناتوانم ناوی هیچ یاریزانێک بڵێم."
 
ئەم قسانەی لاپۆرتا لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەش باسی لە ئەگەری گواستنەوەی رۆناڵدۆ کرد و گوتی " لەگەڵ خۆرخی مێندێز کۆبوومەتەوە و گفتوگۆمان لەبارەی گواستنەوەی یاریزانان کردووە، بەڵام ناتوانم ناوی هیچ یاریزانێک بهێنم."
 
لەبارەی گواستنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بۆ یانەکە، سەرۆکی بارسێلۆنا دەڵێت " دەستەوارەمان پێشکێشکردووە، بایرن میونشنیش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات."
 
سەرۆکی بارسێلۆنا زیاتر گوتی " لەگەڵ چاڤی هێرناندێز قسەمکردووە و پێمگوتووە زۆر بەپەرۆشم بۆ وەرزی نوێ، ئەویش چاوەڕێی ئەنجامدانی گرێبەستی نوێیە."
 
لاپۆرتا لەبارەی گواستنەوەی یاریزانی دیکە گوتی " ناتوانین گرێبەستی دیکە واژۆبکەین تاوەکو هێلی دووەمی فرۆشتنەکە جێبەجێ نەکەین."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بایرن میونشن گوتوویەتی بارسێلۆنا مایەپووچە؟ لاپۆرتا گوتی " بڕواناکەم، ئەمە گاڵتەجاڕییە و بایرن میونشن شتی وا ناڵێت، ئێمە تەمەنمان 125 ساڵە و کەم یانە هەیە ئەم تەمەنەی هەبێت."
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆژی چوارەمە لەسەریەک بەشداری لە مەشقەکانی یانەی مانچێستەر یونایتددا ناکات و داوای رۆیشتن لە یانەکە دەکات.