ئینگلتەرا لە دانیمارکی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020

رووداو دیجیتال

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا توانی لە هەڵبژاردەی دانیمارک بباتەوە و بلیتی دووەمی یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020ـی بەدەستبێنێت، بۆ ئەوەی لەسەر نازناوەکە بەرامبەر ئیتاڵیا یاریی بکات، کە هەڵبژاردەی سێ شێرەکان یەکەمجارە لە مێژووی خۆیدا دەگاتە یاریی کۆتایی یۆرۆ.

لە یاریی دووەمی پێشکۆتاییدا، هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و دانیمارک لەسەر یاریگەی وێمبلی لە لەندەن رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و ئینگلیزەکان توانیان بە ئەنجامی 2 - 1 یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆیان تەواوبکەن.

لە نیوەی یەکەمدا، هەردوو هەڵبژاردە رێزیان لە یەکدی دەگرت و بە ترسەوە بەرامبەر بە یەکدی یارییان دەکرد، تاوەکو دانیمارکییەکان لە خولەکی 30 لە رێگەی میکێل دامسگاردەوە ئینگلیزییەکانیان تووشی شۆککرد، کاتێک بە لێدانێکی راستەوخۆ توانی تۆڕی گۆڵی جۆردان پیکفۆردی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی سێ شێرەکان بهەژێنێت، کە دوای 5 یاریی یەکەم گۆڵ بوو لەو هەڵبژاردەیە بکرێت.

ئەم گۆڵە، ئینگلیزەکانی هاندا گوشار بخەنە سەر دانیمارکییەکان و رەحیم ستێرلینگ هەلێکی زۆر ئاسانی لەدەستدا، بەڵام لە خولەکی 39ـدا لە ئەنجامی هێرشێکی ئینگلتەرا، سیمۆن کایەری کاپتنی دانیمارک گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ئینگلیزەکان بەهەڵە لە گۆڵی خۆیان تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە ئەنجامی 1 - 1 کۆتاییهات.

لە نیوەی دووەمدا ئینگلتەرا هێرشی زیاتری کردە سەر گۆڵی شمایکل، بەڵام هەردوو تیپ نەیانتوانی گۆڵ بکەن و بەناچاری پەنایان بردە بەر دوو گێمی زیادکراو.

لە نیوەی یەکەمی زیادکراودا، یاریزانانی دانیمارک، کە ماندووبوونێکی زۆریان پێوەدیاربوو، پەنایان بردە بەر پلانی بەرگری چڕ، بەڵام ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ئینگلتەرا هەژمارکرد و هاری کەین جێبەجێیکرد، کە سەرەتا شمایکل توانی لێدانەکەی بگەڕێنێتەوە، بەڵام تۆپەکە کەوتەوە بەر قاچی کەین و گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکەی تۆمارکرد.

لە نیوەی دووەمی زیادکراودا، هیچ شتێک نەگۆڕا و یارییەکە بە بردنەوەی ئینگلتەرا کۆتاییهات و بلیتی فایناڵی وەرگرت.

بەم ئەنجامە، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا گەیشتە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020،کە بڕیارە رۆژی 11ـی مانگ لەسەر یاریگەی وێمبلی رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ببێتەوە، کە ئەویش لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە ئیسپانیای بردەوە.