چیرۆکی رەگەزپەرستیی دێمبێلی و گریزمان چییە؟ چییان کردووە؟

07-07-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن عوسمان دێمبێلی ئانتوان گریزمان
A+ A-

رووداو دیجیتال

دوو رۆژە میدیای ئەوروپا و تەنانەت هەموو جیهان، زۆر بایەخی بەو هەواڵە دا کە کۆمپانیای کۆنامیی ژاپۆنی هەردوو یاریزانی فەرەنسیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، عوسمان دێمبێلی و ئانتوان گریزمانی بە رەگەزپەرستی تۆمەتبارکرد.

ڤیدیۆیەکی دێمبێلی و گریزمان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، کە ماوەکەی 42 چرکەیە و مێژووی بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە، کە یانەی بارسێلۆنا لە گەشتێکدایە لە ژاپۆن.

لەو ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت کە دێمبێلی و گریزمان لە ژوورێکی هۆتێلدان و کۆمپانیای کۆنامی بۆ یارییە ئەلەکترۆنییەکان دوو لە کارمەندانی ناردووەتە ژوورەکەیان بۆ بەستنەوەی یارییەکە بە تەلەڤزیۆنەکەیان، بەڵام دێمبێلی بەشێوەیەکی گەڵتەجاڕانە قسە لەگەڵیان دەکات و بە گریزمان دەڵێت "هەموو ئەو دەموچاوە ناشیرینانە، تەنیا لەپێناو ئەوەی یاریی PES بکەی؟ تۆ شەرم ناکەی؟". ئینجا دێمبێلی بە یەکێک لەو کارمەندە ژاپۆنییانە دەڵێت "ئەوە چ زمانێکی دواکەوتووە تۆ قسە پێدەکەی؟ تۆ لە وڵاتەکەت لە بواری خۆتدا بەتوانای یان نا؟".

سەرەتا عوسمان بەوە تۆماتبارکرا کە سووکایەتی بە دوو کارمەندی ژاپۆنی کردووە، گاڵتەی بە رووخساریان کردووە و زمانی ژاپۆنی بە زمانێکی دواکەوتوو ناوبردووە، کە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکە، هەرزوو میدیای ژاپۆنی ئەو یاریزانە فەرەنسییەی یانەی بارسێلۆنایان بە رەگەزپەرست ناوبرد.

ئەوەی کێشەکەی گەورەتر کردووە ئەوەیە کە لەو ڤیدیۆیەدا گریزمان بە قسەکانی دێمبێلی پێدەکەنێت، بۆیە ئەو کۆمپانیا ژاپۆنییە گرێبەستی خۆی لەگەڵ گریزمان هەڵوەشاندەوە و لە یارییەکەیشی دەرکردووە.

داوای لێبوردن بەس نییە

هەرچەندە عوسمان دێمبێلی بۆ خۆ رزگارکردن لەو هەڵوێستە شەرمەزارانەیە، هەر زوو پەیامێکی بڵاوکردەوە داوای لێبوردنی لەو دوو کارمەندە و هەموو ژاپۆنییەکان کرد و گوتی "سڵاو لە هەمووان، بەر لە چەند رۆژێک ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵآوبووەتوە، کە بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە، رووداوەکە لە ژاپۆن روویداوە، بەڵام لە هەر وڵات و شوێنێکی دیکەش بوویە هەر ئەوە روویدەدا، چونکە ئەوەی من گوتوومە پەیوەندی بە کەسەکان و شوێنەکانەوە نییە، من ئەو جۆرە قسە و گاڵتانە لەگەڵ هاوڕێکانم دەکەم لە هەر شوێنێک بن، ئەو قسانەم ئاراستە نەبوون بۆ هیچ کۆمەڵگایەکی دیاریکراو، ئەو ڤیدیۆیە ئێستا لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەتەوە و دەزانم هەستی ئەوانە ئازار دەدات کە تێیدا دەردەکەون، بۆیە داوای لێبوردنیان لێدەکەم".

کێ و بۆچی ئێستا ڤیدیۆیەکە بڵاوکراوەتەوە؟

هەندێک لە سەرچاوەکان پێیانوایە دەستێک لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە لەم کاتەدا هەیە، چونکە بۆچی ئێستا و دوای زیاتر لە دوو ساڵ بڵاودەبێتەوە.

هەندێک سەرچاوە، پێیانوایە خوان لاپۆرتا و کارگێڕیی بارسا لەپشت ئەم کارەن و دەڵێن "لەبەرئەوەی پێویستە بارسا بەلای کەمەوە یەکێک لەو دوو یاریزانە فەرەنسییە بفرۆشێت، بەڵام هەردووکیان رەتدەکەنەوە لە بارسا بڕۆن، کە هەردووکیشیان مووچەی بەرز لە بارسا وەردەگرن، بۆیە ئەگەری هەیە خوان لاپۆرتا هۆکاری بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکە بێت.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن "لاپۆرتا زۆر لە دێمبێلی تووڕەیە، لەبەرئەوەی نایەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و لە یانەکەش ناڕوات و دەیەوێت بەخۆڕایی بڕوات، بۆیە دەیەوێت ناوبانگی بڕزێنێت و بڵێت تۆ بەم کارەت زیانت بە ناوبانگ و بە بەرژەوەندییە داراییەکانی یانەکەمان گەیاندووە، کەواتە پێویستە بڕۆی".

ئەو سەرچاوانە دەشڵێن "ئەوەی راستیی ئەم ئەگەرە دەسەلمێنێت ئەوەیە کە گریزمان  راشکاوانە گوتی کەسانێک دەیانەوێت ناوبانگم بڕزێنن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە