ئەمڕۆی لالیگا.. ڤالێنسیا هێشتا بەهیوای یۆرۆپالیگ یاری دەکات

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕی 35ـی خولی ئیسپانیا دەستپێدەکەن و دوو یاری بەڕێوەدەچن.

یاری دەستپێکی گەڕی 35ـی لالیگا لەسەر یاریگەی مێستایا بەڕێوەدەچێت، کاتێک ڤالێنسیا میوانداری ڤایادۆلید دەکات.

ڤالێنسیای دەیەمی ریزبەندیی خولەکە بە 47 خاڵ هەوڵ بۆ سەرکەوتن دەدات و 3 خاڵی یارییەکە زۆر گرنگن بۆ ئەو یانەیە، بەو پێیەی هێشتا هیوایەکی ماوە بگاتە یۆرۆپالیگ، لە کاتێکدا ڤایادۆلید بە 39 خاڵ لە پلەی سیانزدەمدایە و دوورە لە رکابەری لەسەر بلیتێکی یۆرۆپالیگ، بەڵام لە هەمانکاتدا دووریشە لە مەترسی دابەزین، بۆیە یارییەکە بۆ یانەکەی رۆناڵدۆی دیاردە وەک ڤالێنسیا گرنگ نابێت.

لە یاری دووەمدا، ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتە میوانێکی رەزاگران بۆ سێلتا ڤیگۆ، تیپەکەی دییگۆ سیمیۆنی کە بە 62 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە، دەیەوێت بە سەرکەوتنێکی نوێ شوێنی خۆی لە پلەی سێیەم قاییمتر بکات، چونکە سێڤییا تەنیا دوو خاڵی لەو کەمترە.

سێلتا ڤیگۆش بێگومان بە ئامانجی سەرکەوتن یاری دەکات، بۆ ئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر خۆی نەهێڵێتەوە، کە تاوەکو ئێستا بە کۆکردنەوەی 35 خاڵ لە پلەی پانزدەمدایە.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

ڤالێنسیا - ڤایادۆلید 20:30
سێلتا ڤیگۆ - ئاتلێتیکۆ مەدرید 23:00